رووداو دیجیتاڵ
خانمی یەکەمی عێراق، نیگەرانە لە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراق و دەڵێت، رەنگە بەشێک لەم هەموارە ببێتە هەڕەشە لەبەردەم پێشکەوتنەکانی دەیان ساڵ لە دەستەبەرکردنی مافی ژنان و منداڵان.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رۆژی چوارشەممە (2ـی تشرینی یەکەمی 2024) بۆچوونی خۆی لەبارەی هەمواری یاسای باری کەسی لە عێراق لە تۆڕی ئێکس بڵاوکردەوە و نووسیویەتی "زۆر نیگەرانم لە پێشنیازەیاسای هەموارکردنەوەی باری کەسیێتی عێراق. رەنگە بەشێک لەم هەموارکردنانە هەڕەشە لەو پێشکەوتنە دەیان ساڵەمان بکەن کە لە دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان و منداڵان لە وڵاتەکەماندا بەدەستهاتوون."
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئاماژەی بە رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی منداڵ کردووە، کە عێراق واژۆی لەسەر کردووە و دەڵێت "زامنی پاراستنی هەموو منداڵان دەکات بەبێ جیاوازی، کە ئەولەویەت بە مان و گەشەکردن و خۆشگوزەرانییان دەدات."
خانمی یەکەمی عێراق داوا دەکات تێبینییەکان لەسەر پڕۆژەیاساکە بە هەند وەربگیرێن و دەڵێت "زۆر لە پیاوانی ئایینی و یاساناسان و چالاکڤانە بەڕێزەکان، رەخنەیان لە گۆڕانکارییەکان گرت و هۆشداری دەدەن لەوەی رەنگە رۆڵی دەسەڵاتی دادوەری لە پاراستنی لاوازترین چینی کۆمەڵگە، بێ کاریگەر بکات. پێویستە بە بایەخەوە گوێ لەم هۆشدارییانە بگرین."
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، پێیوایە هەموارەکە کۆمەڵگە دابەش دەکات و دەڵێت "ناوچەکەمان رووبەڕووی ئاڵنگاریی راستەقینەی زۆر گەورە دەبێتەوە، هەر لە نەبوونی سەقامگیری سیاسیی تاوەکو دەگاتە قەیرانە ئابوورییەکان. بۆیە شیاو نییە سیاسەتێک پێشنیاز بکەین هۆکار بێت بۆ دابەشبوونی زیاتری کۆمەڵگە، یان مافی ژنان و منداڵەکانمان بخاتە بەردەم مەترسییەوە."
خانمی یەکەمی عێراق داوا لە پەرلەمانتاران و دەسەڵاتی دادوەری دەکات؛ کار بکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی هەر هەموارێک بکرێت، دەبێت بە تەواوی شەفاف و روون بێت. دەرفەت نەدات هەموارەکان پێچەوانەی دەستوور و چوارچێوەی یاسای نیشتمانی و نێودەوڵەتیش بن، بەتایبەتی پرسی هاوسەرگیریی منداڵ.
هەمواری یاسای باری کەسی، داواکارییەکی سەرەکیی شیعەکانە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، لە بڕگەی دووەمی بەرنامەی کاری دوێنێی پەرلەمانی عێراقدا دانرابوو، بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا.
سرووە محەممەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵان لە پەرلەمانی عێراق، چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شیعە پێداگرن لەسەر تێپەڕاندنی هەمواری پڕۆژەیاسای باری کەسی، بە هەرشێوەیەکیش بێت پڕۆژەکە تێدەپەڕێت، تەنانەت بەشێکی زۆری ژنە پەرلەمانتارە شیعەکان پشتیوانی دەکەن.
بەگوتەی سرووە محەممەد، تەنانەت دنیا شەممەری، سەرۆکی لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵان لە پەرلەمان، کە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، پشتیوانی هەموارەکە دەکات.
بەپێی هەموارەکە، دەبێت ژن و پیاو لەکاتی هاوسەرگیریدا ئەو مەزهەبە دیاریبکەن، کە دەیانەوێت حوکمەکانی بەسەریاندا جێبەجێ ببێت، لەکاتی ناکۆکیی نێوان ژن و پیاوێکی مەزهەب جیاوازدا، مەزهەبی پیاوەکە کاری پێدەکرێت.
جێگری سەرۆکی لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سوننە و شیعەکان رێککەوتن. سوننەکان دەنگ بە هەمواری یاسای باری کەسی بدەن. شیعەکانیش دەنگ بە پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی بدەن، کە داواکاریی سەرەکیی سوننەکانە.
سرووە محەممەد پێیوایە سوننەکان ناچارن دەنگ بە هەمواری یاسای باری کەسی بدەن، ئەگەرنا لە بنەڕەتدا باوەڕیان پێی نییە؛ بەڵام بەهۆی یاسای لێبووردنی گشتی بە ناچاری دەنگی بۆ دەدەن.
جێگری سەرۆکی لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەوڵدەدەن ئەگەر هەمواری یاسای باری کەسیش تێپەڕێت، بە کەمترین زیان تێپەڕێت. داوایان کردووە لانیکەم تەمەنی هاوژینی لە 9 ساڵ بکرێتە 15 ساڵ. هەموارەکە ئەو گرێبەستە هاوژینیانە نەگرێتەوە کە لە رابردوودا کراون، 'لۆژیکی نییە 20-30 ساڵ لەمەوبەر گرێبەستێکی هاوژینی کرابێت، ئێستا دەستکاری بکرێتەوە بەگوێرەی مەزهەب گرێبەستەکە جارێکی دیکە بکرێتەوە.'
هەمواری یاسای باری کەسی، لەلایەن پەرلەمانتار رائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ پێشکێش کراوە.
بەپێی هەموارەکە مادەی دووەمی یاساکە هەمواردەکرێتەوە و بڕگەی سێی بۆ زیاد دەکرێت کە ئەمانەی تێدایە:
- دیاریکردنی مەزهەب بۆ ئەوەی گرێبەستی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەسەر بکرێت و حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
- هەر کەسێک پێشتر ئەو خاڵەی سەرەوەی جێبەجێ نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب پێشکێش بکات.
- ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوژینەکان هەبوو لەبارەی ئەو مەزهەبەی بەپێی حوکمەکانی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.
- دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە پابەند دەبن پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان لە پرسەکانی باری کەسی دروستبکەن.
- تۆمار یان پەڕاوەکان حوکمەکانی باری کەسێتی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و یەکێکی دیکە بەپێی فیقهی سوننە دەبێت، لە دانانیاندا پشت بە بۆچوونی کەسە دیارەکانی هەردوو مەزهەبەکە لە عێراق دەبەسترێت.
- ئەگەر دیاریکردنی ئەو کەسە دیارەی لە مەزهەبی شیعە پشتی پێدەبەسترێت کێشەی تێکەوت، بۆچوونی ئەو مەرجەعە ئایینییە پشتی پێدەبەسترێت کە زۆرینەی شیعە لە عێراق پەیڕەوی دەکەن. لە سوننەش رای ئەنجوومەنی زانستی و فەتوا وەردەگیرێت.
خاڵی دووەمی هەموارەکە ئەوەیە بڕگەی پێنج لە مادەی 10 لادەبرێت و ئەم دەقە شوێنی دەگرێتەوە، "دادگەی باری کەسێتی گرێبەستەکانی هاوژینی پەسند دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن کەسانی رێگەپێدراوەوە لە دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە یان لایەنێکی شەرعی یان یاسایی پەسند دەکرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ