رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی چەند سکاڵایەک کە بەشێکیان دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کۆبووەوە. دادگەکە کۆبوونەوەکەی بۆ رۆژی 24ی ئایار دواخست و داوایکرد لەو کۆبوونەوەیەدا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقیش ئامادە بێت.
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا رایگەیاند، دادگەکە دانیشتنەکەی بۆ 24ی ئایار دواخست و داوایکرد کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادە بێت بۆئەوەی بەدواداچوون بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات و بزانێت هەڵبژاردن چەند کاتی دەوێت.
دانیشتنەکەی دادگە و بڕیاری بەشداریکردنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دانیشتنی داهاتوویدا لە کاتێکدایە، کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بوونەتە هۆکاری شکستهێنان بە هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمان.
پێکهاتەی کۆمیسیۆنی باڵای ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان 9 ئەندامە و دابەشبوونەکە بەمجۆرەیە: سێ ئەندامی پارتی، دوو یەکێتی، دوو گۆڕان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش یەکی ئەندامێکیان هەیە. حیزبەکانی دیکە لە پێکهاتەکانی دیکەی کۆمیسیۆنەکەدا پشکیان هەیە.
پێکهاتەی کۆمیسیۆن لەسەر بەرکەوتەی هەڵبژاردنی 2018ـی پەرلەمانی کوردستان دروستکراوە و ماوەکەی بەسەر چووە و دەبێت بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە؛ دوای چەند کۆبوونەوەیەکی پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکە لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بە هەمان پێكهاتەوە رێککەوتوون، بەڵام درێژبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن وایکردووە، تاوەکو ئەمڕۆ کۆمیسیۆنەکە کارا نەکرێتەوە.
رۆژی 9-10-2022 پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 کۆتایی دەهات.
دوێنێش فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کورستان رایگەیاند، دوای ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەموار نەکراوەتەوە سکاڵای یاساییان دژی چەند مادەیەکی نێو یاساکە لە دادگەی فیدراڵیی عێراق تۆمار کردووە. فراکسیۆنی پارتیش لە رێگەی گوتەبێژەکەیەوە رایگەیاند، یەکێتی "هۆکارە" تاوەکو ئێستا یاسای هەڵبژاردن هەموار نەکراوەتەوە.
ئەم کێشانە لە کاتێکدان، رۆژی 26ی ئاداری 2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 18ی نۆڤێمبەری وەک رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ