رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاسایشی هەرێمی کوردستان، والیی فەللوجەی داعشیان دەستگیرکرد.
لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند: "ئاژانسی هەواڵگری بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاسایشی هەرێم والیی بەناو فەللوجەی دەستگیرکرد".
هاوکات ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "تیمەکانمان تیرۆریستی ناوبراو (ئەبو عەلی جومەیلی)یان دەستگیرکرد، کە بەناو والیی فەللوجەیە و بەپێی ماددەی 4ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر داواکراوە، چونکە ئەندامی داعشی تیرۆریستە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئاژانسی هەواڵگری ئەو کەسە لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانی بەوەدانا، کە "لە ساڵی 2005 ئەندامی رێکخراوی قاعیدە بووە و لە مۆڵگە تایبەتەکان کاری کردووە بۆ داڵدەدانی ئەو تیرۆریستانەی کە لە وڵاتانی عەرەبییەوە هاتوونەتە عێراق".
ئاژانسی هەواڵگری راشیگەیاند: "تیرۆریستی بەناو والی فەللوجە پێشتر بە 15 ساڵ زیندانی سزادرابوو، دواتر لە ساڵی 2011 ئازادکرا، بەڵام دیسان بەیعەتی دایە چەتەکانی داعش و لە مۆڵگەکانی چەکدا کاری کرد، پاش ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی ئەنباریش بەرەو سووریا هەڵات، کەچی دیسان گەڕایەوە و کرا بە جێگری والی موسڵ، دواتر کرا بەناو والیی فەللوجە و پشتێنەی بۆمبڕێژکراوی بەخۆیەوە بەستبوو، لە لێکۆڵینەوەکانیشدا دانی بەوەدانا کە دەیان کردەوەی تیرۆریستی دژی هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتیانی بێتاوان کردووە".
ئەم پێشهاتە دوای چەند کاژێرێک هات لە کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی فراوان کە شەوی رابردوو لە بەغدا بە سەرپەرشتی مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەگەڵ وەزیرانی بەرگری و ناوخۆی عێراق و بەشداری جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و فەریق جەمال ئیمنکی، سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە کرا.
سەبارەت بە لێکەوتەکانی کۆبوونەوەکە، جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا هەماهەنگی و کاری لیژنە هاوبەشەکانی نێوان سوپا و پێشمەرگە لە ناوەندەکانی نێوانیاندا چالاک بکرێن، بۆ پڕکردنەوە بۆشاییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری هەواڵگری و زیادکردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشی چەکدارانی داعش لەو ناوچانە، وەک ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو روویدا و چەند پێشمەرگەیەک و چەند ئەفسەرێکی سوپای عێراق بوونە قوربانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ