رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاریدا بە نادەستووریبوونی ماددەی 14/ یەکەم لە یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2018 لەبارەی بەردەوامی کاری ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکان و ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانیش دەڵێت، لە 2017ەوە هەموو کارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پووچەڵە و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگان تاکە بژاردەیە.
دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیارێکی دەرکرد لەبارەی سکاڵای ژمارە 117ی فیدراڵیی تایبەت بە ئەنجوومەنی پارێزگاکان و بڕیاریدا بە نادەستووریبوونی ماددەی 14/ یەکەم لە یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2018 (یاسای هەمواری سێیەمی یاسای پارێزگارەکانی رێکنەخراو لە هەرێمدا بە ژمارە 21ی ساڵی 2008) کە تایبەتە بە بەردەوامی کاری ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکان.
د. بەهار مەحموود، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی ماددەی 14ی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەگەر هاتوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش نەکرێت، ئەوا ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەتوانن درێژە بەکارەکانیان بدەن. بۆیە دادگەی باڵای فیدراڵی بەردەوامبوونی کارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی بە نایاسایی داناوە و بەردەوامبوونی کارەکانی رەتکردووەتەوە، چونکە لە 2017ەوە ماوەی یاساییان تەواو بووە و هەڵبژاردنیش نەکراوە. بەوپێیە بێت هەموو ئەو کارانەشی لە 2017ەوە ئەنجوومەنی پارێزگاکان کردوویانە ناساییە و پووچەڵە، چونکە ماوەی یاسایی هەڵبژاردنیان تەواو بووە. بڕیارەکەی ئەو دادگەیەش ئیلزامییە و دەبێت هەموولایەک پێوەی پابەندبن".
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی پەرلەمان دەڵێت، ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە دەستووردا هاتووە، هەموارکردنی دەستوور ناکرێت، چونکە کارێکی سەختە، بۆیە تاکە چارەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە، کە دەبێت یاسایەکی نوێ یان یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەربچێت.
هەر لەو بارەوە حەسەن فەدعەم، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پەرلەمانی عێراق لە بەردەم دوو بژاردە دەبێت بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، دوای دەرچوونی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی لەبارەی نادەستووریبوونی ماددەی 14. یەکەم، دەرکردنی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان. دووەم: هەموارکردنەوەی دەستوور و گشتپرسیکردن بۆ هەڵوەشانەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی پارێزگاکارەکان لەلایەن خەڵکەوە و ئەمەش پێویستی بە هەموارکردنەوەی دەستوورە.
هاوکات راشیگەیاند، مانەوەی دۆخەکە بەم شێوەیە و یەکلایینەبوونەوەی ئەو بابەتە، کێشەیەکی گەورە لە بەڕێوەبردنی سیستمی لامەرکەزی دروستدەکات و گوتیشی، دیاریکردنی پارێزگارەکان لەلایەن حکومەتەوە لایەنێکی دیکەی کێشە گەورەکەو پێویستە چارەسەر بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ