کەشناسیی عێراق دەڵێت، شەپۆلێکی خۆڵبارین بەشێك لە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

02-07-2022
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن خۆڵبارین
A+ A-

رووداو - هەولێر

دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق رایدەگەیێنێت، لە دوای نیوەڕی ئەمڕۆوە خۆڵبارین بەشێک لە ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراقی گرتووەتەوە. 
 
عەمار یاسری، گوتەبێژی دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دوای نیوەڕی ئەمڕۆوە خۆڵبارین نێوەڕاست و باشووری عێراقی گرتووەتەوە، رادەی خۆڵبارینەکە بەپێی کات و شوێن گۆڕانی بەسەردا دێت. 
 
گوتەبێژی دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی کاریگەریی با-ی باکووری رۆژئاوا، خێرایی با 30 بۆ 40 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا و پلەی گەرما نزمبووەتەوە، هاوکات بەشێک لە ناوچەکانی باکووریش دەکەونە ژێر کاریگەریی نیمچە خۆڵبارینێک، بەڵام بەهێز نابێت.
 
عەمار یاسری راشیگەیاند، بەشێوەیەکی گشتی خۆڵبارینەکە زۆر بەهێز نابێت و کاریگەری بۆ سەر گەشتی ئاسمانی و دەریایی دروست ناکات. گوتیشی، ئەم وەرزە خۆڵبارینی زۆر روویداوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمبارانی و کەمئاوی و کەمبوونەوەی ئاوی رووبار و دەریاچەکان "هەموو ئەمانە کاریگەریی لەسەر فشۆڵی خاک کردووە، لە هەر بایەکی بەهێزدا، دەبێتە هۆی دروستبوونی خۆڵبارین."
 
رۆژی هەینی، 1ـی تەممووزی 2022، ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاریگەریی خۆڵبارینەکە درەنگانی ئەمشەو و، رۆژی شەممە دەگاتە باشووری کوردستان". 
 
ئاسۆ کەمال گوتی، "خۆڵبارینەکە ناوچەکانی سنووری عێراق و سووریای گرتووەتەوە" و، ئاماژەی بەوەش کرد "کە تەنیا لە ناوچەکانی گەرمیان و کەرکووک چڕ دەبێت و کاریگەری دەبێت".  
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی رۆژی هەینی 1ـی تەمموزی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، رۆژی شەممە 2ـی تەمموز کەشوهەوای هەرێمی کوردستان بەهۆی زیادبوونی خێرایی با و ئەگەری خۆڵبارینەوە، پلەی گەرما پلەیەک بۆ دوو پلە نزم دەبێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە