رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە 2-3-2023، مامەڵەى دەرکردنى پاسپۆرت لە عێراق بۆ ماوەى رۆژێک رادەگیرێت. ئەمەش بۆ ئەزموونکردنى پاسپۆرتى ئەلیکترۆنى کە بڕیارە لەمەودوا کاری پێبکرێت.
رۆژی 1ى ئادارى 2023، بەڕێوەبەرایەتیى بارى شارستانى و پاسپۆرت و مانەوەى عێراق رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 2ی ئادار کارى سیستمى دەرکردنى پاسپۆرت لە عێراق بۆ ماوەی رۆژێک رادەگیرێت، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەرکردنى پاسپۆرتى ئەلیکترۆنى.
لیوا هێرش ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "راگرتنى سیستمى دەرکردنى پاسپۆرت بۆ ئەوەیە چەند نموونەیەکى پاسپۆرتى ئەلیکترۆنى تاقیبکرێتەوە."
لیوا هێرش ئەحمەد گوتیشى: "پرۆسەى بەڕێکردنى مامەڵەى دەرهێنانى پاسپۆرت لە 6ى ئادار دەستپێدەکاتەوە، بەو پێیەى رۆژى 5ى ئادار پشووى فەرمییە."
پاسپۆرتى ئەلیکترۆنى کە بڕیارە جێگەى پاسپۆرتى ئێستا بگرێتەوە، سەرەتا لە بەغداى پایتەخت و دواتر لە پێنج پارێزگاى دیکە دەردەکرێت، بەگوێرەى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، ئەو پاسپۆرتە 17 نیشانەى تایبەتى هەیە بۆ رێگرى لە ساختەکردنى.
پاسپۆرتى عێراق لە پلەى 94دایە لە ریزبەندى پاسپۆرتەکانى جیهان، لەکاتێکدا پاسپۆرتى سووریا لە پلەی 95 و پاسپۆرتى ئەفغانستان لە پلەی 96ى کۆتایی ریزبەندەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ