عادل عەبدولمەهدی نامەیەک ئاراستەی سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان دەکات

02-03-2020
جووتیار قارەمان
نیشانەکردن عێراق حکومەت
A+ A-


رووداو - هەولێر

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نامەیەک ئاراستەی سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکات و دەڵێت، رووبەڕووی قەیران دەستووری و بەڕێوەبردن بوونەتەوە. پێشنیازیشدەکات 4ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت.
 
رۆژی دووشەممە 02-03-2020 عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی عێراق نامەیەکی ئاراستەی سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان کرد و دڵتەنگیی خۆی دەربڕی کە محەممەد تۆفیق عەللاوی لە پێکهێنانی حکومەتی نوێدا سەرکەوتوو نەبوو و داوای لە پەرلەمان کرد بەشێوەیەکی نائاسایی کۆببێتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، بازنەکانی هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و پێشنیار دەکات کە لە رۆژی 04-12-2020ـدا هەڵبژاردن بکرێت.
 
هاوکات داوادەکات کە پەرلەمان 60 رۆژ بەر لەو رێکەوتەی بۆ هەڵبژاردنی پێشنیار کردووە، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و لەگەڵ سندووقەکانی هەڵبژاردندا سندووقێکی دیکە بۆ گشتپرسی لەبارەی چاکسازیی دەستوورییەوە دابنرێت و دەکرێت پەرلەمان بەر لە خۆهەڵوەشاندنەوە بەپێی رێکارەکان بڕیاری لێبدات.
 
هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەپێی ماددەی 76ـی دەستوور بەزوویی حکومەت پێکبهێنرێت.
 
عادل عەبدولمەهدی باس لەوە دەکات، مەترسیدارترین شت کە ئێستا عێراق رووبەڕووی دەبێتەوە، پەیدابوونی بۆشایی دەستووری و ئیدارییە و باشترین چارەسەر پابەندبوونە بە ماددەکانی دەستوورەوە.
 
لە راگەیێنراوەکەی عەبدولمەهدیدا هاتووە، "دوای راوێژکردن بە یاساناسان و شارەزایانی دەستوور، رایەدەگەیێنم بڕیارم داوە وەک سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەکانی حکومەتدا "ئامادەنەبوونی ئارەزوومەندانە"م هەبێت".
 
سەرۆکوەزیران روونی دەکاتەوە، ئەو هەڵوێستە مانای ئەوە نییە کە بەپێی ماددەی 81ی دەستوور دەست لە پۆستەکەی بەرنادات ئەگەر هێزە سیاسییەکان و دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن نەگەیشتنە رێککەوتنێک بۆ دەرکردنی وڵات لەو قەیرانە.
 
دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیەی کە بۆ محەممەد تۆفیق عەللاوی دیاریکرابوو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کە لەلایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە راسپێردرابوو، وازهێنانی خۆی لەو راسپاردەیە راگەیاند و گوتی، "هه‌وڵمدا به‌پێی توانا، هه‌موو رێگەیه‌ك بگرمه‌به‌ر بۆ رزگاركردنی نیشتمان له‌ هه‌نگاونان به‌ره‌و نادیاری و بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان، به‌ڵام له‌كاتی دانووستانه‌كاندا سەرم سووڕما به‌ چه‌ندین پرس و بابه‌ت كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییان به‌ نیشتمان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیەوە نه‌بووه‌".
 
د. بەرهەم ساڵح، سەرۆکۆمار جەخت لەوە دەکاتەوە دۆخی ئێستا سەختە، لەلایەن هەمووانەوە پێویستی بە هەڵوێستێکی نیشتمانیی بەرپرسانە هەیە، دەبێت کەسێک رابسپێرێت کە جێگەی رەزامەندی بێت لەسەر ئاستی جەماوەری یاخود پەرلەمانی بۆ ئەوەی حکومەتێکی کاتی پێکبهێنێت کە بەرامبەر هاووڵاتییان و هەڵبژاردنی پێشوەخت پابەندی ئەرکەکانی  بێت.  
 
دەقی نامەکەی عادل عەبدولمەهدی:
 
لە 19ی مانگی شوباتی 2020ـدا رامگەیاند کە وادەی دەستووریی دیاریکراو بە 30 رۆژ بۆ بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمان بە حکومەتی نوێ و بەرنامە حکومییەکەی، ئەو وادەیە لە رۆژی 2ی مانگی ئازار کۆتایی دێت و راشمگەیاند، بە کۆتاییهاتنی ئەو وادەیە هیچ رێگە چارەیەکم نابێت جگە لە پەنابردن بۆ ئەو چارەسەرانەی کە لە دەستوور یان پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا هەن.
 
بەداخەوەم بۆ سەرنەکەوتنی مامۆستا محەمەد تۆفیق عەللاوی لە ئەرکەکەی بە پێکهێنانی حکومەتی نوێ کە ئێمە دەخاتە بەردەم بژارەی گرتنەبەری هەڵوێستی شیاو. من ئەمڕۆ لەبەردەم گەلە بەخشندەکەم و لەبەردەم ئێوەدا رایدەگەیێنم، مەترسیدارترین بابەت کە لەم کاتەدا رووبەڕووی ئێمە بووەتەوە، سەرهەڵدانی بۆشایی دەستووری و ئیدارییە و باشترین چارەسەر پابەندبوونە بە بڕگە دەستوورییە پەیوەندیدارەکان و یاساکان و بڕگەکانی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە 25ی ئازاری 2019 دەرکراوە و لە رۆژنامەی فەرمیی ژمارە 4533یدا لەسەر بنەمای بڕگەی 85ی دەستووردا بڵاوکراوەتەوە. لەسەر بنەمای ئەوانەی سەرەوە و لەدوای راوێژکردنم لەگەڵ شارەزایانی دەستووری و یاسایی، من بڕیارم دا بە دەستبردن بۆ دوورکەوتنەوەی ئارەزوومەندانە لە سەرۆکایەتیی وەزیران و وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی هەر ئاکام و دەرهاوێشتەیەک لە رێکار و بڕیار و رێنماییەکان.
 
ئەم هەڵوێستەم ئەوە ناگەێنێت کە دواتر لەوانەیە وازهێنان لە پۆستەکە رانەگەیێنم بە گوێرەی بڕگەی 81ـی دەستوور، ئەگەر هاتوو هێزە سیاسییەکان و دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکاری نەتوانن وڵات لەم قەیرانەی ئێستای بەگوێرەی بڕگەی 76ـی دەستوور رزگاربکەن.
 
بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی کە دەرمکردووە، دەست بەم کارانەی خوارەوە دەکەم:
 
1- داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی رێزدار دەکەم دانیشتنێكی نائاسایی بکات بە مەبەستی تەواوەتی یەکلاکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان و بازنەی هەڵبژاردنەکان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و رۆژی 4ی کانوونی یەکەمی 2020 وەک رۆژی هەڵبژاردن پێشنیاز دەکەین کە تێیدا هەموو پێداویستییەک بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دابین بکرێت تاوەکو هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد لەکاتی پێشنیازکراودا بکرێت. ئەنجوومەنی نوێنەرانی رێزدار خۆی لە ماوەی 60 رۆژی بەر لەو وادەی دیاریکراوە، هەڵبوەشێنێتەوە و سندووقێکی دیکە لە پاڵ سندووقی هەڵبژاردنەکان رێکبخرێت بە مەبەستی گشتپرسی لەبارەی هەموارکردنەوەی دەستوورەوە کە دەکرێت ئەنجوومەنی نوێنەران بەگوێرەی میکانیزمەکانی خۆی، دیارییان بکات.
 
2- راسپاردنی یەکێک لە جێگرەکانی سەرۆکوەزیران یان وەزیرێك بە وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانە بە گوێرەی بڕگەی 3ـی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران. ئەوە ئەو رێکارەیە کە ئێمە لەو رۆژەی مامۆستا محەمەد تۆفیق عەللاوی راسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، جێبەجێی دەکەین.
 
3- پەیڕەوی نێوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران بە دیاریکراوی هەردوو بڕگەی 20 و 29 و فەرمانی ژمارە 68ی ساڵی 2004 دیاری دەکات کە ئەنجوومەنی وەزیرانی تایبەت بە ئاسایشی نیشتمانی بەرپرسە لە ئاسانکردن و هاوئاهەنگیکردنی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی لەنێوان وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتی عێراقی کە ئەرکی بابەتیی ئاسایشی نیشتمانی وەرگرتووە و لەژێر فەرمان و کۆنترۆڵی سەرۆکوەزیران، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە. راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بەردەوام دەبێت لە رۆڵی خۆی وەک ئەمینداری ئەنجوومەنی وەزیرانی تایبەت بە ئاسایشی نیشتمانی و رێکخستنی خشتەی کارەکانی و بڕیارەکانی بە گوێرەی خشتەی کارەکانیان رادەگەیێنێت. نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران هاوئاهەنگی دەکات لەنێوان ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی تایبەت بە ئاسایشی نیشتمانی و  یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە رادەسپێرێت بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنەکە لە ماوەی نەبوونی سەرۆکوەزیران، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەێنێت کە دەسەڵاتەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی رادەستبکرێن.
 
4- بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران و ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران و سکرتێری تایبەتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بابەتە تایبەت و بەپەلەکان بە سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رادەگەێنێت، بە جۆرێك کە لەگەڵ دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری کاروباری رۆژانەی وڵاتدا بگونجێت. ئەوەش بە مەبەستی رێگریکردن لە سەرهەڵدانی هەر بۆشاییەک لە ئەرکەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکار و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
 
5- جگە لەوەی کە لە خاڵی 4  یان لە بڕگە دەستوورییە سەرەورییەکاندا هاتوون، سەرۆکوەزیران واژۆ لەسەر نووسراوە فەرمییەکان ناکات و بەدەم  بانگهێشتکردنەکانەوە ناڕوات و چاوپێکەوتن، دانووستان یان کۆبوونەوە فەرمییە نێوخۆیی یان بیانییەکان ناکات. بەرپرسەکان هەریەکە لە شوێنی خۆی بەردەوام دەبێت لە بەڕێوەبردن و کاربەڕێکردن و واژۆکردنی مامەڵەکان و رێگریکردن لە دروستبوونی هەر بۆشاییەکی فەرمی لە مامەڵەکردن لە دۆسیەی نێوخۆیی و بیانییەکاندا، ئەوانەی کە سەرۆکوەزیران لێیان دوور دەکەوێتەوە. هەروەها دامەزراوەکان کاروباری رۆژانە بە گوێرەی رێگە ئاساییەکان بەڕێدەکەن و گوتەبێژە  فەرمییەکان گوزارشت لە راوبۆچوونی حکومەت و فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان دەکەن.
 
6- داوا دەکەین حکومەتە نوێیەکە بە زووترین کات و بە گوێرەی بڕگەی 76ی دەستوور پێکبهێنرێت، نە حکومەتی کاربەڕێکەری رۆژانە چارەسەرێكی شیاوە کە عێراق لەم کاتە هەستیارەدا پێویستیەتی و نە دوورکەوتنەوە لەم پۆستە یان چۆڵبوونی چارەسەری نموونەییە. هیوامان ئەوەیە دامەزراوە دەستوورییە پەیوەندیدارەکان بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان بە گوێرەی کات و رێگە دەستوورییەکان جێبەجێ بکەن.
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی واژۆکردنی گرێبەستەکە.

عێراق گرێبەستى کڕینى هەشت سەکۆى مووشەکى لەگەڵ کۆریاى باشوور واژۆ کرد

وەزارەتى بەرگریى عێراق گرێبەستى کڕینى هەشت سەکۆى مووشەکى بەرگریى ئاسمانی لە کۆمپانیایەکى کۆریاى باشوور واژۆ کرد، بە گوتەى جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمان، یەکەمجارە دواى ساڵی 1991 عێراق ئەو جۆرە مووشەکە بکڕێت.