شەقامی چوون بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا بەناوی ئەبو مەهدی موهەندیسەوە دەکرێت

02-01-2024
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ناونانی شەقامی چوون بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بە ناوی (ئەبو مەهدی موهەندیس) پەسند کرد.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 2ی کانوونی دووەمی 2023 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە فەرمی ناوی (ئەبو مەهدی موهەندیس)ی لەو شەقامە نا کە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەچێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی 2020 لەسەر ئەو شەقامە.
 
لەگەڵ ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس ئەمڕۆ هێزێکی ئەمنیی زۆر لە شەقامەکانی بەغدا بڵاوەیان پێکرا، پێشبینی دەکرێت لایەنگرانی حەشد بەرەو شوێنی کوژرانی ئەو دوو کەسە بچن.
 
لە 3ی کانوونی دووەمی 2020 ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەگەڵ 10 لە هاوەڵەکانی و لەکاتی چوونی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بۆ پێشوازی لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس، لە کاتی دەرچوونیان لە فڕۆکەخانە، لەلایەن درۆنێکی ئەمریکاوە کرانە ئامانج و کوژران.
 
لە 7ی کانوونی دووەمی 2021 دادگەی لێکۆڵینەوەی رەسافە لە بەغدا و بە تۆمەتی کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەرکرد.
 
لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس بنکە و بارەگا و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا بە درۆن و مووشەک و کاتیۆشا لەلایەن گرووپەکانی بەناو ''مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق'' دەکرێنە ئامانج، ئەمریکاش بەردەوام ئێران بە بەرپرس دەزانێت لەو هێرشانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە