رووداو دیجیتاڵ
نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، دواخستنى هەڵبژاردن قبووڵ ناکەن و هەڵوەشاندنەوەى، عێراق دابەش دەکات. هەروەها دەڵێت لە دەستووردا شتێک بەناوى حکومەتى باری لەناکاو نییە.
نوورى مالیکى لە بۆنەیەکى تایبەت بە شەهیدانى عێراق کە رۆژی دووشەممە، 7ى نیسانى 2025، لە بەغدا بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، دەبێت ئاڵوگۆڕى دەسەڵات بە گوێرەى ئەو چوارچێوە کارپێکراوانە بێت کە لە وڵاتانى دیموکراسى کارى پێدەکرێت، کە "گواستنەوەیەکى نەرمە" لە حکومەتێکەوە بۆ حکومەتێکى دیکە، لە رێگەى دەرگەى هەڵبژاردنەوە.
سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتی یاسا گوتى: "لەم رۆژانەدا گوێمان لە هەندێک قسە دەبێت، بەمەبەست بێت یان هەڕەمەکییانە، کە من پێموانییە قسەیەکى هەڕەمەکى بێت، باس لە دواکەوتنى هەڵبژاردن دەکات یان باس لەوە دەکات هەڵبژاردن هەڵبوەشێتەوە، ئەگەر هەڵبژاردن هەڵبوەشێنرێتەوە، دیموکراسى و پرۆسەى سیاسى هەڵدەوەشێتەوە و عێراق دابەش دەبێت، دەبێت میللەت هەژموونى بەڕێوەبردنى کاروبارى خۆى بکات و ئەوە تەنیا لە رێگەى هەڵبژاردنەوە دەکرێت، هەر قسەیەک لەبارەى دواخستنى هەڵبژاردن بکرێت قبووڵکراو نییە و قبوڵى ناکەین".
بە گوێرەى یاسا نابێت هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق لە 25ـی تشرینى دووەمى ئەم ساڵ تێپەڕبێت.
مالیکى گوتى: "دواخستنى هەڵبژاردن وادەکات پەرلەمان نەمێنێت و حکومەتیش سایەیەکى رەوایەتى نەبێت بۆ بەردەوام بوون، هەندێکیش باس لەوە دەکەن حکومەتى بارى لەناکاومان هەبێت، بەڵام لە ناو دەستوورەکەمان شتێک بەناوى حکومەتى بارى لەناکاو نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ