رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی هاتووچۆی فڕۆکەکان داخست و وەزارەتی گواستنەوەی عێراقیش بە رووداوی گوت، هەر کاتێک دۆخەکە لەباربوو، ئاسمانی وڵات دەکرێتەوە.
ئەم ئێوارەیە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڵاویکردەوە، ئاسمانیی وڵاتەکەی بەرووی هاتووچۆی فڕۆکەدا داخستووە، ئەوەش وەک رێکارێک بۆ پاراستنی ئاسایشی کایەی ئاسمانی و پاراستنی فڕۆکەکان کە بە ئاسمانی عێراقدا دەڕۆن.
لەبارەی کاتی کردنەوەی ئاسمانی عێراق بە رووی هاتووچۆی فڕۆکەکاندا سەرچاوەیەک لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە رووداوی گوت، تیمە تەکنیکییەکانیان چاودێریی دۆخەکە دەکەن و هەر کات گونجاو بێت، ئاسمانی وڵات دەکرێتەوە.
لەبارەی دۆخی بەغدا، زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "تاوەکو ئێستا هیچ رووداوێکی نەخوازراو رووی نەداوە، بەڵام بەشێک لە خەڵکی هەست بە نیگەرانی دەکەن".
ئێوارەی ئەمڕۆ نزیکەی کاژێر 7:30 سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێکرد. سوپای ئیسرائیل گوتی، هێرشەکە لە رێگەی زیاتر لە 250 مووشەکەوە بووە.
نزیکەی کاژێر 8ی شەو، سوپای پاسداران گوتی، هێرشەکە وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ "شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنییە، حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفرووشان".
سوپای پاسداران ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر "رژێمی زایۆنی کاردانەوەی هەبێت لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکەمان، رووبەڕووی هێرشی تووند دەبێتەوە".
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە کۆتایی مانگی تەمموزدا لە تاران کوژرا، ئەوەش کاتێک بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان وەک سەرۆککۆماری ئێران چووە تاران.
رۆژی 27-9-2024یش هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بارەگای سەرەکی حیزبوڵڵای لوبنانی لە بەیرووت بۆردوومانکرد و لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا و عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی دۆسیەی لوبنانی سوپای پاسداران کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ