رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، دوای نووسراوەکەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە.
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 01-06-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای نووسراوەکەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، تائێستا لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە".
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی "دانوستاندن و گفتوگۆکان لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان بەردەوامن، لیژنەی دارایی چاوەڕێی رێککەوتن، یان بڕیاری لایەنە سیاسییەکان دەکات بۆ دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجە، دەنگدان بە بودجەش دەکەوێتە دوای رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو".
سەبارەت بە زیادکردنی پشکی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان، د. جەمال کۆچەر، ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا لیژنەی دارایی خشتەی گواستنەوەکانی بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان پەسند نەکردووە، بەڵام رەنگە بودجەکەیان لە 2.5 ترلیۆن دینارەوە بکرێتە 4 ترلیۆن دینار.
پێنجشەممەی رابردوو 25-05-2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەستکاری بڕگەی تایبەت بە هەناردەی نەوتی کوردستانی لە رەشنووسی بودجەی عێراقدا کرد و گۆڕی. بەپێی گۆڕانکارییەکە؛ دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بەبێ کێڵگەکانی ناوچە کوردستانییەکانی کەرکووک و نەینەوا رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، گۆڕانکاریی دووەم بریتییە لەوەی ئەو نەوتەی رادەستی سۆمۆ دەکرێت، مەرج نییە هەر بۆ هەناردەکردن بێت، بەڵکو دەتوانرێت بۆ پڕکردنەوەی پێویستی نێوخۆ لە سووتەمەنیش بەکاربهێندرێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رۆژی 27-05-2023 نووسراوی بۆ لیژنەی دارایی کرد، تێیدا ئاماژەی بەوەکرد؛ پاڵپشت بە مادەی 73 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق؛ نابێت ئەندامانی لیژنە لە 21 کەس زیاتر بن و سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەسەڵاتی هەیە دەستکاری ژمارەی ئەندامانی لیژنەکە بکات، کە لە دوو ئەندام زیاتر نەبێت بە گواستنەوە یان زیادکردنیان.
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، تێبینی کراوە، ژمارەی ئەندامانی ئامادەبوو لە لیژنەی دارایی 24 کەس بووە، ئەمەش سەرپێچییەکی روونی مادەی ئاماژە بۆ کراوە و، دەسەڵاتی ئەوەشیان پێدراوە دەستکاری بکەن و ئەندامانی زیاد بکات، بە شێوەیەک دوو ئەندام زیاتر نەبێت، تاوەکو ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران نابێت لە 23 کەس زیاتر بێت، پێچەوانەی ئەمە، زیادبوونی ئەندامانی لیژنە لە دەنگدان و پەسندکردن، کەموکوڕی دروست دەبێت.
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، لە رووی یاساییەوە هەرکاتێک ئەو نووسراوە بگاتە دەست لیژنەی دارایی، پێویستە لیژنەکە کارەکانی رابگرێت، تا ئەوکاتەی ئەو کەموکوڕییە یاساییە چارەسەر دەکرێت لە بڕیاردان و دووبارە پەیکەری لیژنەکە دابڕێژرێتەوە، بۆ ئەوەی کارەکانی بکات دەبێت لە دەنگدان 23 ئەندام بن نەک 24 ئەندام و ناوی زیادە بسڕێتەوە، تاوەکو کارەکانی لەگەڵ مادەی 73 بگونجێت لەگەڵ دووپاتکردنەوە لەسەر رەچاوکردنی وردبینی لە سەلامەتی رێکارەکانی زیادکردنی ئەندامان، کە لەسەرووی ژمارەی رەسەن کە لە 21ـوە زیادکرابێت، پێویستە سەرۆکایەتیی پەرلەمان رەزامەندی لەسەر ئەو زیادبوونە بدات.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەوکاتە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای گەیشتنی نووسراوەکە، لیژنەی دارایی کارەکانی خۆی راگرت و دۆخێکی گرژ لەنێو لیژنەکەدا دروست بوو. پێویستە لیژنەی دارایی بە نووسراوی فەرمی وەڵامی ئەو نووسراوەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بداتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ