رووداو دیجیتاڵ
کاردانەوەی قسەکانی سەرۆککۆماری ئێران لەسەر نرخی بەنزین بەردەوامە. پزیشکیان هەفتەی رابردوو باسی لە نالۆژیکیی نرخی بەنزین کرد؛ بەڵام زۆربەی خەڵک، زۆر بابەتی ئابووریی دیکە بە نالۆژیکی دەزانن.
هاووڵاتییەک دەڵێت، "بەڕێز پزیشکیان، بە بۆچوونی ئێوە لۆژیکییە ئۆتۆمبێلی بیانی بە نرخی کەم هاوردە بکەن، بەڵام بە 10 هێندەی ئەو نرخە بیدەنە خەڵک؟ بەڕای ئێوە لۆژیکییە 100 هەزار کەس لە کەرتی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل کار بکەن، بۆئەوەی ساڵانە 20 هەزار کەس بکوژن؟ بەڕای ئێوە لۆژیکییە ئۆتۆمبێلەکانی ئێمە چوار هێندەی ئۆتۆمبێلی بیانی بەنزین بەکارببەن؟ یان لۆژیکییە مووچە لە ئێران 200 دۆلار بێت؟"
ئەم کاردانەوانە هەر زوو وەزیری ئابووریی ئێرانی هێنایە سەر هێڵ و بە ئاشکرا رایگەیاند، هەموو کێشە ئابوورییەکان، لەوانەش نرخی بەنزین، لە ئێراندا گرێدراوی یەکدین و دەبێت رێکاری گونجاو بۆ چارەسەرکردنی هەموویان بگیرێتەبەر.
عەبدولناسر هیمەتی، وەزیری ئابووریی ئێران رایگەیاند، "دەبینم بابەتی پسپۆڕانەی باش هاتووەتە ئاراوە. لێمان دەپرسن، ئێوە کە دەتانەوێت نرخی بەنزین بکەنە نرخێکی نێودەوڵەتی، ئامادەن ئۆتۆمبێلیش بە نرخی نێودەوڵەتی بفرۆشن؟ دەڵێن: ئێوە خەریکن ئۆتۆمبێلی 20 هەزار دۆلاری بە 60 هەزار دۆلار دەفرۆشن. یان دەڵێن: بۆچی ئۆتۆمبێلەکانی بەرهەمی خۆمان بەنزین کەم بەکارنابەن؟ یان باسی دەستڕۆیشتوویی خەڵک. ئەمانە هەمووی گرێدراوی یەکدین و دەبێت کارێک بکەین زیان بە ئابووریی خەڵک نەگەیێنین."
پرسی بەنزین، رۆژەڤی ئەمڕۆی رۆژنامەکانی ئێرانە، دەگوترێت گرانکردنی لانیکەم 30%ی بەنزین کاریگەریی لەسەر سەبەتەی خۆراکی خەڵک دەبێت.
وەزیری ئابووریی ئێران دەڵێت، "بەڕای من، ئێستا ئێمە لە دۆخێکدا نین کە زیان بە سەبەتەی خۆراکی خەڵک بگەیێنین. بەگشتی پێموایە نابێت ئەو کارانە بکەین کە دەبێتە شۆک بۆ ئابووریمان. کۆمەڵگەش هەڵیناگرێت. لە هەموو بوارەکاندا، بەتایبەت لە بابەتی بەنزیندا. ئەوانە پێویستیان بە رێکاری تایبەتی خۆیانە."
لە کاتێکدا حکومەت و لیژنەی وزەی پەرلەمانی ئێران هەر زوو رەتیانکردەوە کە پلانێک بۆ گرانکردنی بەنزین لەئارادا بێت، بەڵام لە میدیادا، ئەم گوتانە وەکو رێخۆشکردنێک بۆ گرانکردنی لێکدراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ