ئێران
وێنەیەکی ئەرشیڤیی بەفربارین لە گوندی بێسارانی رۆژهەڵاتی کوردستان، وێنە: نووری بێسارانی تایبەت بە رووداو
رووداو دیجیتاڵ
دوو رۆژە لە بەشێکی پارێزگەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی سەرما و سۆڵەوە پشوو رادەگەیێنرێت. بەرپرسان دەڵێن، ''بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گاز و کارەبایە، بۆ گەرمکردنەوەی شوێنە گشتییەکان.''
چەند رۆژێکە بارستە هەوایەکی سارد و شەپۆلێکی بەفربارین رووی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردووە، بەهۆیەوە ئەمڕۆش (دووشەممە، 16-12-2024)، لە ژمارەیەک پارێزگە کرایە پشوو.
عەباس جەعفەری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانەکان لە پارێزگەی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ''لە دانیشتنی لیژنەی کاروباری بەڕێوەبردنی سووتەمەنی، بڕیاردرا بەمەبەستی رێگریکردن لە کەمبوونەوەی گاز و سووتەمەنیی ماڵان و کارگە پیشەسازییەکان، ئەمڕۆ سەرجەم دامەزراوە حکومییەکانی پارێزگەکە دابخرێن."
بەگوتەی عەباس جەعفەری، قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکانیش بە ئۆنڵاین دەخوێنن.
ئاماژەی بەوەش کرد، ''بڕیارەکە دامەزراوە فریاگوزارییەکانی وەکو بانکەکان، فریاکەوتنی خێرا و بنکە تەندروستییەکان ناگرێتەوە.''
بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگەی سنەش دوێنێ بڵاویکردەوە، ''بەهۆی بەردەوامیی سەرما و سۆڵە و دابەزینی پلەی گەرما، بڕیاردرا سبەی (دووشەممە) جگە لە دادگە، دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و باجەی هەڵبژێردراوی بانکەکان، سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان، قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکان دابخرێن، ئەمەش بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی گاز و وزە، بۆ گەرمکردنەوەی شوێنە گشتییەکان."
هاوکات لە پارێزگەی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، جیا لە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان، زانکۆ، پەیمانگە و قوتابخانەکان داخراون.
لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، قۆناخی بنەڕەتیی قوتابخانەکان کراوەتە پشوو و لە سەرجەم قۆناخەکانی دیکەی خوێندن، زانکۆ و پەیمانگەکان و دامەزراوە حکومەییەکان، دەوام یەک کاژێر درەنگتر لە کاتی ئاسایی خۆی دەستپێدەکات.
سەرەڕای ئەوەی بەفربارین و سەرما پارێزگەی لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستانیشی گرتووەتەوە، مەهدی پازووکی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانەکان لە پارێزگەکە رایگەیاند، ''رۆژی دووشەممە سەرجەم قوتابخانەکان و دامەزراوە حکومییەکان کراوەن و لەکاتی ئاسایی خۆیاندا دەست بە دەوام دەکەن''.
جیا لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەگشتی لە پارێزگەکانی تاران، کرمان، بوشێهر، سیستان و بەلووچستان، خوزستان، فارس، ئەلبوورز، هەمەدان، قەزوێن، ئیسفەهان، سمنان، زەنجان، خوڕاسانی رەزەوی، تەورێز، خوڕاسانی باکوور، خوڕاسانی باشوور و چەندین پارێزگەی دیکەی ئێران، بەهۆی بەردەوامیی سەرما و سۆڵەوە، ئەمڕۆش پشووی سەرانسەری بەردەوام بوو.
ئەو هەوڵانە لەکاتێکدان؛ مەسعود پزیشکیان، شەوی پێنجشەممە (12ـی کانوونی یەکەمی 2024) لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە هاووڵاتییانی ئێران کرد، بەکارهێنانی گاز و کارەبا بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان کەم بکەنەوە.
بەگوتەی پزیشکیان، ئەم بابەتە دەبێتە هۆی زیادبوونی یەدەگی سووتەمەنی، "بەمەش لەم کەشوهەوا ساردەدا دەتوانین سووتەمەنیی پێویست بۆ هەموو خەڵک دابین بکەین".
بەگوێرەی کەشناسیی ئێران، بارستە هەوا ساردەکە، ئەمڕۆ کۆتایی پێدێت و سبەی (سێشەممە) دووبارە شەپۆلێکی بەفر و باران، لە باکووری رۆژئاوای ئێرانەوە روو لە وڵاتەکە دەکات و پارێزگەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی ئێران دەگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ