مامۆستایانی ناڕازیی ئێران: تاوەکو کۆتایی هەفتە وەڵام نەدرێینەوە بایکۆت رادەگەیێنین

31-01-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
مامۆستایانی ناڕازی ئێران: تاوەکو کۆتایی هەفتە وەڵام نەدرێینەوە بایکۆت رادەگەیێنین
مامۆستایانی ناڕازی ئێران: تاوەکو کۆتایی هەفتە وەڵام نەدرێینەوە بایکۆت رادەگەیێنین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

قۆناخێکی دیکە لە ناڕەزایەتی مامۆستایان لە بەشیک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پیکردووەتەوە.
 
مامۆستایانی ناڕازی بڕیاریانداوە بێ وەستان درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان بدەن، تاوەکو ئەو داواکارییانە جێبەجێ دەکرێن کە زیاتر لە شەش مانگە داوای دەکەن. مامۆستایەک لەنێو ناڕەزایەتییەکانەوە دەڵێت، "حکومەت بودجەی سکهەڵگوشین، دژە خەڵکی و دژە مامۆستایانی داوەتە پەرلەمان."
 
ئەو مامۆستایە گوتی، "پەرلەمان بە کردەوە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی حکومەتدا کار دەکات. بەداخەوە دەزگەی دادیش لەجێگەی پشتگیریکردن لە ماف و داواکارییە یاساییەکانی مامۆستایان، هەموو دەنگێکی ناڕازی سەرکوت دەکات."
 
مامۆستایەکی دیکەی ناڕازی باسی لەوە کرد، "پێدەچێت دەسەڵات هیچ تێڕوانینێکی روونی نەبێت لە بارەی دۆخی ژیانی مامۆستایان. باسی کەمی بودجە دەکەن، بەڵام لە بودجەی ئەمساڵ، بودجەی دامەزراوەکانی دیکە وەکو دامەزراوە سەربازی و مەهەزبی و ئەوانەی وەڵامدەر نین، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە."
 
محەممەد حەبیبی، گوتەبێژی ناوەندی پیشەیی مامۆستایانی ئێران رایگەیاند، ژمارەی بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژی دووشەممە 31-01-2022 زۆر زیاتر بوو لە رۆژانی پێشتر و مامۆستایان لە 120 شار و گوند گردبوونەتەوە. هێزە ئەمنییەکان لە مەریوان جەبار دوستی، ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی شارەکەیان دەستبەسەرکرد. هەروەها لە تاران سێ کەس و لە شیرازیش دوو چالاکڤانی مافی مامۆستایان دەستبەسەرکران.
 
ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی رێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان لە شارە جیاوازەکان پەیوەندیی بە مامۆستایانەوە دەکەن و لە بارەی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان هۆشدارییان پێدەدەن، بەڵام مامۆستایان وەڵامی ئەو هەڕەشانە بەو شێوەیە دەدەنەوە.
 
مامۆستایانی ناڕازی رایانگەیاندووە، ئەگەر تاوەکو کۆتایی هەفتە، حکومەت و پەرلەمان وەڵامێکی روونی داواکارییەکانیان نەدەنەوە، هەفتەی داهاتوو ماندەگرن و ناچنەوە پۆلەکانی خوێندن و وانەگوتنەوەی ئۆنلاین رادەگرن. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە