رووداو دیجیتاڵ
108 پەرلەمانتاری ئێرانی لە نامەیەکدا بۆ مەسعود پزیشیکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، داوایانکرد بە لەبەرچاوگرتنی گرانبوونی نرخی زەوی و خانوو، هەروەها بەرزبوونەوەی کرێی خانوو، قەرزی خانووبەرە بۆ هاووڵاتیان زیاد بکرێت.
حوسێن قاسمی، ئەندامی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی ئێران ئەمڕۆ (سێشەممە، 26-11-2024) رایگەیاند پەرلەمانتارەکان "لە نامەیەکدا بۆ سەرۆککۆمار، داوایان کردووە قەرزی خانووبەرە لە 550 ملیۆن تمەنەوە (نزیکەی 8 هەزار دۆلار) بۆ 800 ملیۆن تمەن (نزیکەی 11 هەزار و 500 دۆلار) زیاد بکرێت."
قاسمی گوتی، "قەرزی خانووبەرە، تائێستاش بەپێی یاسای خانووبەرە دەدرێت کە لە ساڵی 1400ـی هەتاوی (2021) پەسندکراوە و بڕەکەی 550 ملیۆن تمەنە."
گوتیشی "دەبێت سەیری ئەوە بکەین؛ تێچووی دروستکردنی یەک مەتر چوارگۆشەی یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە ساڵی 2021، بەراورد بە ئەم ساڵ چەند زیادی کردووە. هەروەها هەڵاوسان، بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستەکان و هۆکارەکانی دیکە تاوەکو چەند رۆڵیان تێیدا هەیە."
ئەندامەکەی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی ئێران هەروەها دەڵێت، بەو قەرزە کەمەی خانووبەرە کە حکومەت دەیداتە خەڵک، کەس نابێتە خاوەنی خانووی خۆی.
بەپێی ناوەندی ئاماری ئێران، بەتێکڕا زیاتر لە 44٪ـی داهاتی خێزانەکان لە ئێران بۆ کڕیی خانوو دەڕوات، تەنانەت رێژەکە لە شارە گەورەکان لەوەش زیاترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ