ئیبراهیم رەئیسی بۆ فوئاد حوسێن: مەرجەعیەت پێگەیەکی زۆر گرنگی هەیە بۆ چارەسەری کێشەکانی عێراق

29-08-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئێران لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی بە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقی راگەیاندووە، پاراستنی "ئاسایش و سەقامگیریی" عێراق تەنیا لەڕێگەی گفتوگۆ و بە رەچاوکردنی دەستوور دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش "پێگەی مەرجەعیەت، رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە."

رۆژی دووشەممە 29-08-2022 کازم ئەلحائیری، کە مەرجەعێکی ئایینیی باڵای شیعەیە لە عێراق و بە مەرجەعی ئایینیی رەوتی سەدر ناسراوە، رایگەیاند، بڕیاری داوە لە ئەرکی مەرجەعیەتی ئایینی بکشێتەوە، بەڵام دەبێت هەموو باوەڕداران "ملکەچ"ی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بن، چونکە "شایەنترین و بەتواناترینە بۆ رێبەریکردنی میللەت."

موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر رۆژی 29ى ئابى 2022 بڕیاریدا دەستبەردارى کارى سیاسى ببێت و بەدوایدا لایەنگرانى رەوتەکەى لە بەغدا خۆپێشاندانیان کرد و چوونە نێو ناوچەى سەوز کە بارەگاى زۆربەى دامەزراوەکانى دەوڵەتى تێدایە. مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانی عێراق داواى لە موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر کرد خۆپێشاندەران لە دامەزراوە حکومییەکان بکشێنێتەوە و هەموولایەک دان بەخۆدا بگرن.

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق سوپاسی عێراقی کردووە بۆ ئەو رۆڵەی کە لە لێکنزیککردنەوەی وڵاتەکەی لەگەڵ سعودیە گێڕاویەتی و ئاماژەی بەوە کردووە، لێکنزیکبوونەوەی ئێران و سعودیە بە سوودی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەیە.

بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، هاوتا ئێرانییەکەی گوتووە، رێگەنادەن لەنێو خاکی عێراقەوە هەڕەشە بۆسەر خاکی ئێران دروستبکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە