خامنەیی بۆ ئێرانییەکان: بە کۆمەڵ دەنگ بدەن

28-02-2024
تەنیا ئەحمەد
 سەرەتای مانگی سێ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئەو وڵاتە دەکرێت
سەرەتای مانگی سێ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئەو وڵاتە دەکرێت
نیشانەکردن هەڵبژاردنی ئێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێبەری باڵای ئێران داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات "بە گرووپی گەورە گەورە بڕۆنە دەنگدان و هەڵبژاردنێکی بەهێز و ئاگرینی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشانی دووژمنان بدەن."
 
رۆژی چوارشەممە 28-02-2024، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران دوو رۆژ پێش هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران لە گوتارێکدا داوای لە ئێرانییەکان کرد بەشداریی دەنگدان بکەن و، "هەڵبژاردنێکی بە‌هێز و ئاگرین پێشانی دووژمنان بدەن."
 
خامنەیی هەروەها گوتی "دووژمنەکانی ئێران دەیانەوێت ببینن، ئایا ئێوە رۆژی هەڵبژاردن دەنگدەدەن یان نا."
 
بڕیارە رۆژی 01-03-2024، دوازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران و شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئەو وڵاتە بکرێت. بەپێی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، لە هەڵبژاردنەکاندا 61 ملیۆن و 172 هەزار و 298 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. 
 
رێبەرە تەمەن 84 ساڵییەکە هۆشداری دا بە ئێرانییەکان و گوتی "ئەگەر هاونیشتیمانیان نەتوانن بە گرووپی گەورە گەورە دەنگبدەن، ئەوا دووژمنەکانمان بەجۆرێک لە جۆرەکان هەڕەشە لە ئاسایشتان دەکەن."
 
پێشبینی دەکرێت خامنەیی کاژێر 8:00ـی بەیانی بە کاتی تاران [7:30 بەکاتی هەولێر] یەکەم کەس بێت دەنگبدات. لە ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران، رێبەری گشتیی ئێرانیش هەڵدەبژێردرێت، کە خامنەیی لە ساڵی 1989ـەوە لەو پۆستەدایە.
 
خامنەیی هەروەک پێشتر دووبارە ناوی "دووژمنەکانی ئێران"ـی هێنا و گوتی، "ئەمریکا، هێزەکانی رۆژئاوا و ئیسرائیل دووژمنی ئێرانن."
 
هەڵاوسان و دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی، ئابووریی وڵاتەکەی خاپوور کردووە و ئێرانییەکان لە دۆخێکی دژواردا دەژین.
 
مەعسومیە ژنێکی ئێرانییە و خەڵکی تارانە، گوتی "بەرزبوونەوەی نرخەکان گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر خەڵک؛ پێموانییە پەرلەمانی نوێ بتوانێت دۆخی ئابووری بگۆڕێت."
 
لەلایەکی دیکە، حەسەن رۆحانی، سەرۆکی پێشووی ئێران گوتی، "ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە خۆپێشاندانێک بۆ ئەوانەی دژی دۆخی ئێستای ئێرانن و دەیانەوێت گۆڕانکاری رووبدات."
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران 15 هەزار و 200 بەربژێر لە 31 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی 290 کورسی پەرلەمان رکابەری دەکەن، کە رێژەی 12٪ ژن و 88٪ـیان پیاون، ئەندامەکانی پەرلەمان بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێن.
 
هەروەها لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریدا 144 بەربژێر لە 31 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی 88 کورسی ئەو ئەنجوومەنە رکابەری دەکەن و، ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بۆ ماوەی هەشت ساڵ هەڵدەبژێردرێن.
 
ئەمجارە هێڵی جیاکەرەوەی نێوان دەسەڵات و دژبەران تۆختر، قووڵتر و گەورەتریش بووە؛ هۆکاریش سەختتربوونی ژیانی خەڵک، ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی و سەرکوتکردنیان و هەوڵدان بۆ یەکدەستترکردنی دەسەڵاتە.
 
پەرلەمانی ئێستای ئێران لە 2020 هەڵبژێردراوە و ٪42.5ـی خەڵک بەشدارییان لە دەنگدان کرد، کە کەمترین رێژەیە لە ساڵی 1979ـوە.
 
ئازەر مەنسووری، سەرۆکی بەرەی ریفۆرمخوازانی ئێران دەڵێ "بەگشتی دەسەڵات باوەڕی بە بەشداریی بەرینی خەڵک لە هەڵبژاردن نەماوە. ئێمە، کەوتینە دۆخێکەوە کە نەمانتوانی لیست پێشکێش بکەین." 
 
ئەم هەڵبژاردنە گۆڕەپانی رکابەریی سەختیی دژبەران و دەسەڵاتە کە هەردوولا دەیانەوێت نیشانی بدەن لایەنی بەرامبەر پێگەی کۆمەڵایەتی و جەماوەری نییە. ئەوانەی ئەمجارە داوای بایکۆت دەکەن چینی جیاواز لەخۆدەگرێت.
 
دایکی سەعید محەممەدی، قوربانیێکی ناڕەزایەتییەکان دەڵێ "هەرکەسێک بچێت دەنگ بدات، خوێنی لاوانی ئێمە پێشتگوێ دەخات. لاوانی ئێمە لەپێناو ئەم گەلەدا گیانیان بەخت کرد. ئەی ئەم گەلە چۆن وەڵامی لاوانی ئێمە دەدەنەوە؟"
 
بەشێک لە نەریتخوازان بانگەشەی ئەوە دەکەن رێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردن بەرز دەبێت؛ خاڵێک کە راپرسییەکان پێچەوانەکەی دەسەلمێنن. 

 

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە