رووداو دیجیتاڵ
عەلیڕەزا لە دزەی مەرگەوەڕی ورمێ دووکانی جلوبەرگی هەیە. ئەو رۆژانە بۆ فرۆشتنی ئۆنلاین و بانگەشەکردن بۆ دووکانەکەی پێویستی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.
زیاتر لە دوو ساڵە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێت لە ئێران فیلتەر کراون و هاونیشتمانییان دەبێ بۆ بەکارهێنانیان فیلتەرشکێن بکڕن.
عەلیڕەزا ئەیوبی بە رووداوی راگەیاند، زۆربەی کاری ئێمە لەسەر ئۆنلاینە، بەڵام نرخی فیلتەرشکێن زۆر گران بووە. هەروەها کوالێتییەکەیشی باش نییە و زوو زوو دەبڕێت.
بەکارهێنانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە بەشێک لە ژیانی رۆژانەی خەڵک. بەشی زۆری خەڵک، کار و پیشەشیان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەستراوەتەوە.
فەرهەنگ یوسفی نیا، فرۆشیاری ئۆتۆمبێلە لە ورمێ، دەڵێت: کارێکی قورس و بێزارکەرە بۆمان کاتێک دەمانەوێت وێنەی ئۆتۆمبێلێک بۆ فرۆشتن دابنێین، دەبێت پەنا بۆ فیلتەرشکێن ببەین.
بەپێی ئاماری فەرمیی حکومەتی ئێران، 85٪ـی خەڵکی ئەو وڵاتە ئینتەرنێت بەکاردەهێنن و 85٪ی بەکارهێنەران، کەڵک لە فیلتەرشکێن وەردەگرن.
بەو پێیە زیاتر لە 61 ملیۆن کەس بە بەردەوامی فیلتەرشکێن بەکاردەهێنن. ئەگەر هەر کامێکیان مانگانە لانیکەم 200 هەزار تمەن لە فیلتەرشکێن خەرج بکەن، کۆی داهاتی فیلتەرشکێن فرۆشەکان لە مانگدا 12 تریلیۆن و 240 ملیار تمەن، یان زیاتر لە 176 ملیۆن دۆلار، دەبێت.
حکومەتی ئێران بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ناڕەزاییەکانی ساڵی 2022، ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فیلتەر کرد، بەڵام خەڵک نەچوونە ژێر باری سەپاندنی بڕیارەکە و کێشەکانی کەڵکوەرگرتن لە فیلتەرشکێنیان پێ باشترە لەوەی ئەپ و تۆڕە نێوخۆییەکانی ئێران بەکاربهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ