سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە لوڕستان: دەرفەتەکانی پەرەپێدان لە پارێزگاکە کەموێنەن

26-08-2022
فواد حەقیقی
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کێشەکانی پارێزگای لوڕستان دەکۆڵێتەوە
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کێشەکانی پارێزگای لوڕستان دەکۆڵێتەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەردانی لوڕستانی کرد و پارێزگار داوای لێکرد کێشەکانی بەردەم گەشەسەندنی ئەو پارێزگایە چارەسەر بکەن. 
 
فەرهاد زیویار، پارێزگاری لوڕستان دەڵێت، نەبوونی ژێرخانی گونجاو هۆکاری پێشنەکەوتنی پارێزگاکەیە و دەبێ لە بواری پیشەسازی، خوێندەواری، بیناسازی و رێگەوبان کاری جیددی لەو پارێزگایە بکرێت. 
 
ئەو داواکارییە لە کاتی سەردانی محەممەد قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانە بۆ لوڕستان، ئەو دەڵێت، دەبێت پلانێکی ناوەندی بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکە دابنرێت. رێژەی بێکاری لە لوڕستان زیاتر لە 15٪ و داهاتی تاکە کەس لەو پارێزگایە لە ئاستی مامناوەندیی ئێران کەمترە. 
 
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەشڵێت، "لەم پارێزگایەدا دەرفەتەکان بۆ پەرەپێدان کەموێنەن، بەهرە و دەرفەتەکانی ئەم پارێزگایە دەتوانێت کێشەکانی ئەم پارێزگایە چارەسەر بکات، ئەمەش پێویستی بە پلانێکی ناوەندییە، بەڵام جێبەجێکردنەکەی ناناوەندیی بێت."
 
پیشەسازی، کشتوکاڵی پێشکەوتوو، خوێندەواری، بیناسازی و رێگەوبان بنەماکانی پێشکەوتنن، بەڵام ئەو ژێرخانانە لە لوڕستان کێشەیان هەیە.
 
پارێزگاری لوڕستان کێشەی ژێرخانەکان بە گەورەترین بەربەستی بەردەم پەرەسەندنی پارێزگاکە دەزانێت و دەڵێت، تاوەکو ئەو کاتەی ئەم کێشانە هەبن پەرەسەندنیش روونادات.
 
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "ئێستا ئاو کێشەیەکی زۆر گرنگە، بەڵام ئەم پارێزگایە سێیەمین پارێزگا بۆ بارینی بەفر و بارانە یان لە بواری گەشتیاریدا، دەمەوێ بڵێم ئەم پارێزگایە دەرفەتی زۆری هەیە". 
 
بە گوتەی بەرپرسانی لوڕستان حکومەت خۆی هۆکاری لەنێوبردنی دەرفەتەکانی پەرەسەندنی پارێزگای لوڕستانە.
 
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە سەردانەکەیدا بە ئاسمانی ناوچەی ئەلیگودەرزدا سووڕایەوە، ئەلیگودەرز ئەو ناوچەیە کە ئاوەکەی بۆ ناوچەکانی ناوەندی ئێران گواستراوەتەوە، بەمەش دانیشتووانەکەی رووبەڕووی سەختی بوونەتەوە.
 
عەبدولڕەزا تەوەکولی، بەڕێوەبەری رێکخراوی چالاکڤانانی ژینگەی زاگرۆس دەڵێت، "لە رێڕەوی گواستنەوەیدا [گواستنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران] چەندین گوند چۆڵکراون، کەسیان تێدا ناژی، هیچ ئاوێک نەماوە، کانیاوەکان نەماون، لەوەڕگەی مەڕوماڵاتیان لەنێوچوون، واتە ئەو ناوچەیە چیدیکە بە کەڵکی ژیان نایەت، هەموویان کۆچیانکرد بۆ شارەکان، هەمووشیان پێکەوە هاتن، لە شاریش بوونە هۆکاری کێشە، نرخەکان زۆر بەرز بوونەوە و دواتر کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری روویدا. هەندێکیان راستەوخۆ چوون بۆ ئیسفەهان و تاران."
 
لوڕستان پێشەنگی پارێزگا بێکارەکانی ئێرانە. زیاتر لە 15٪ دانیشتووانی ئەم پارێزگایە بێکارن و داهاتی تاکەکەس کەمتر لە ئاستی مامناوەندی ئێرانە. 
 
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەم سەردانەیدا رایگەیاند دەبێت کاری جیاواز لە رابردوو بۆ لوڕستان بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە