11 دەستبەسەرکراوی خۆپێشاندانەکانی ئێران بە لەسێدارەدان سزادراون

22-12-2022
فواد حەقیقی
سامان یاسین، گۆرانیبێژە و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە
سامان یاسین، گۆرانیبێژە و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سامان یاسین کە بۆ برینەکانی کۆمەڵگە گۆرانیی دەگوت، نزیکەی سێ مانگە لە زیندان دایە و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە. بەهۆی بارودۆخی خراپی زیندانەوە، شەوی سێشەممە هەوڵی خۆکوشتنی داوە. باوکی لە ئینستاگرام گوتی، دوای نیوەڕۆی چوارشەممە قسەی لەگەڵ ساماندا کردووە و دۆخی باش بووە.
 
کۆمەڵەی چالاکڤانانی ئێران دەڵێت، بە سامانەوە 11 خۆپێشاندەر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، 47 خۆپێشاندەری دیکەش تۆمەتێک دراوەتە پاڵیان کە دەتوانێت سزای لەسێدارەدانی بەدواوە بێت. لەو 58 کەسە 10 کەسیان کوردن.
 
بە تۆمەتی وەک "سەرهەڵدان دژی دەسەڵاتی ئیسلامی، شەڕ لەگەڵ خودا و دروستکردنی نائارامی و تێکدانی ئاسایش و ئارامی کۆمەڵگە" تاوەکو ئێستا دوو خۆپێشاندەر لە ئێران لەسێدارەدراون.
 
دیوانی بەرزی وڵات رایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی بەڵگەی نوێی دەستکەوتووە، بڕیاری داوە جارێکی دیکە دۆسیەی ماهان سەدرات لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێتەوە.
 
ماهان تۆمەتبار کرابوو کە "بە چەقۆ ترس و نائارامی دروستکردووە و ماتۆڕی هێزێکی ئەمنی سوتاندووە"، بەڵام ئەو ئەم تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە.
 
شەوی رابردوو لە بۆکان بەبۆنەی شەوی یەڵداوە خەڵک مۆمیان لەسەر گۆڕی کوژراوەکانی ناڕەزایەتییەکان داگیرساند. ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێرانیش سەردانی خێزانی یەکێک لە هێزە ئەمنییە کوژراوەکانی کرد.
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران گوتی، "بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنەکان و تاوانباران پاشەکشێی لە هەڵوێستەکانی خۆی نەکرد [مەبەستی کارمەندەکەی هێزە ئەمنییەکان بوو کە کوژراوە]. ئەمە دانبەخۆداگرتنە. زۆر کەس توانای ئەم کارەی نییە، زۆر کەس توانای مانەوەی لەم رێگەیەدا نییە."
 
سەرەڕای ئەوەش خەڵک هێشتا لەسەر شەقامە. شەوی رابردوو، لە تاران و سنە و چەند شارێکی دیکەیش خەڵک چوونەوە سەرشەقام.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە