رووداو دیجیتاڵ
تەلەڤزیۆن، کەلوپەلێکی کارەبایی نێوماڵ یان تایەی بیانی ئۆتۆمبێل لە هەموو ئێران دەفرۆشرێ، بەڵام لەم سنوورانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە قاچاخ ئەژمار دەکرێن و تەقە لەو کەسانە دەکرێت کە دەیانگوازنەوە.
هێزەکانی پاسەوانی سنوور و سوپای پاسدارانیش وەک قاچاخچی هەڵسوکەوت لەگەڵ کۆڵبەرەکان دەکەن. دەرەنجامی ئەم شێوە هەڵسوکەوتکردنە، کوشتنی شەش کەس و بریندارکردنی 15 کۆڵبەرە تەنیا لە یەک مانگی رابردوودا. لەم ماوەیەدا دەستبەسەرکردن و سزادانیشیان زیاتر بووە.
عوسمان موزەیەن، کە پارێزەرێکی کوردە دەڵێت: "ژمارەیەک پەرلەمانتاری رۆژهەڵاتی کوردستان داوایان لە ناوەندی سزادانی سەرپێچیکارانی ئێران کردووە، سزای ئەو کۆڵبەر و کاسبکارانە نەدات کە بە بیانووی گواستنەوەی کەلوپەلی قاچاخ دەستبەسەرکراون. ئەو ناوەندە جگە لە دەستبەسەرداگرتنی بارەکانیان، سزای نەختی و زیندانیشیان بەسەردا دەسەپێنێت".
جەلال مەحموودزادە، نوێنەری مهاباد لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت، سەرۆکی ناوەندەکە بەڵێنیداوە هاوکاری کۆڵبەر و کاسبکاران بکات و سزاکەیان سووک بکات.
زۆر کەس کۆڵبەری بە پیشە و کار نازانن، بەڵام بە کردەوە جیاوازە. لانیکەم 80 هەزار کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەم رێگە سەختەوە بژێوی ژیانیان دابین دەکەن. ساڵانی رابردوو بە زۆری پیاوان ئەو کارەیان دەکرد. بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری، ژمارەی ژنانی کۆڵبەریش رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت".
هەفتەی رابردوو، هەڵاڵە ئەمینی، نوێنەری سنە لە ئەنجوومەنی باڵای پارێزگاکانی ئێران گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: "کۆڵبەری چیدیکە پیشەیەکی پیاوانە نییە. لەم ناوچانەدا هەندێک لە ژنان ناچارن 30 کیلۆ بار بۆ ماوەی 4-5 کاژێر بە کوێستانەکاندا بگوازنەوە. ئەگەر چاو لە دەستەکانیان بکەین، چیدیکە جوانیی ژنانە لە دەسەتەکانیاندا نابینین. زۆربەی ئەم ژنانە ئەرکی بەخێوکردنی خێزانەکانیان لەسەر شانە".
کۆڵبەری لە پارێزگاکانی سنە، ورمێ، ئیلام، کرماشان و هەندێک ناوچەی پارێزگای سیستان و بەلوچستان وەک رێگایەکی پەیداکردنی بژێوی ژیان باوە.
بەپێی ئاماری تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، تەنیا ساڵی رابردوو زیاتر لە 70 کۆڵبەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و 154کۆڵبەریش بریندار بوون.
کۆڵبەران بوونەتە هێمای سەختی ژیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەوان لە هەر جار چوون و هاتنەوەدا، دەبێ لە تەقە و گرتنی هێزەکانی ئێران، تەقینەوەی مین، هەڵدێران و سەرمابردووییش رزگاریان بێ، تاوەکو بتوانن بژێوی ژیانی رۆژانەی خێزانەکانیان دابین بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ