سەرۆککۆماری ئێران: لە گەشتەکەم بۆ ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە کۆنابمەوە

19-09-2022
فواد حەقیقی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئیبراهیم رەئیسی بە مەبەستی بەشداریی لە 77ەم کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ یەکەمجار سەردانی نیویۆرک دەکات و دەڵێت: هیچ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکادا ناکات.
 
رۆژی دووشەممە 19-09-2022 ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە کاتی دەستپێکردنی گەشتەکەیدا بۆ ئەمریکا، گوتی: سەردانەکەی لە نیویۆرک پێنج رۆژ دەخایێنێت و لەو دەرفەتەش سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەخاتەڕوو.
 
ئەوە یەکەمجارە ئیبراهیم رەئیسی سەردانی ئەمریکا دەکات. لە ماوەی رابردوودا زۆر لە کەسایەتییە سیاسییە ئەمریکییەکان داوایان لە کابینەی جۆ بایدن کرد، ڤیزەی گەشت بە ئیبراهیم رەئیسی نەدات.
 
ئیبراهیم رەئیسی لە کۆبوونەوەکانی ساڵی رابردووی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەشداریی نەکرد و هۆکاری بەشدارینەکردنیشی لەو کۆبوونەوەیەدا بۆ تەشەنەسەندنی کۆرۆنا گەڕاندەوە و وەزیری دەرەوەی ئێران لە جێی سەرۆککۆمار بەشداریی لەو کۆبوونەوانەدا کرد.
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ساڵی 2019 ئیبراهیم رەئیسی خستە لیستی گەمارۆکانەوە و لە ساڵی 2010شەوە لە لیستی گەمارۆکانی یەکێتیی ئەوروپادایە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە