سەرچاوەیەکی باڵای ئێران: پێش سوێندخواردنی ترەمپ، وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل دەدەینەوە

17-11-2024
نیاز مستەفا
لە پێشانگەیەکی پێداویستییە سەربازییەکان لە تارانی پایتەختی ئێران، چەکی سەربازی نمایشدەکرێت.
لە پێشانگەیەکی پێداویستییە سەربازییەکان لە تارانی پایتەختی ئێران، چەکی سەربازی نمایشدەکرێت.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
لە پێشانگەیەکی چەک و پێداویستییە سەربازییەکانی ئێران لە تاران؛ درۆن، مووشەک و سیستمی بەرگریی نمایشکران. بەشێکی سەردانیکارانی پێشانگەکە دەڵێن، پێویستە بەم چەکانە وەڵامێکی تووندی هێرشەکەی 26ـی ئۆکتۆبەری ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان بدرێتەوە. 
 
دهقانی فەیروزئابدی، پیاوی ئایینی دەڵێت، "چاوەڕوانی ئەوە دەکەین ئۆپەراسیۆنی سادق 3 کارێک بکات و ببینین زیاتر لە ئۆپەراسیۆنەکانی سادق 1و 2، دانگدانەوەی هەبێت، بەشێوەیەک کە دووژمن ئیدی بە خۆیدا بچێتەوە و بڵێت، ئێمە لەگەڵ ئێرانییەکان پێمانناکرێت."
 
دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەرپرسانی باڵای ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی تووند دەکەن. 
 
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران، وەڵامدانەوەکە پێش رێوڕەسمی سوێندخواردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەبێت؛ کە بڕیارە 20ـی کانوونی دووەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت. 
 
هەڕەشەکانی بەرپرسانی تاران لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی واشنتن، بۆ ئەوەیە؛ بەهێزتر دەربکەون. 
 
محەممەد رەزا، هاووڵاتیێکی ئێرانییە و دەڵێت، "ئەگەر وەڵامیان نەدرێتەوە، بوێرتر دەبن، کەواتە ئێمە داوا لە بەرپرسان دەکەین بە هێز و توانا و بە پشتبەستن بە خوای گەورە، بەسەختترین و تووندترین شێوە وەڵامی ئەو کەسانە بدەنەوە، کە هێرش دەکەنە سەر خاكی ئێران؛ لەنێویاندا ئیسرائیلی داگیرکەر و لە هەڵوێستی خۆیان پەشیمان نەبن."
 
بەرپرسانی تەلئەڤیڤیش چەند جارێک هەڕەشەی وەڵامی کەمەرشکێنیان لە تاران کردووە، ئەگەر هەوڵی وەڵامدانەوە بدات. 
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی هەڕەشەکانی تارانەوە گوتی، "هێرشێکی دیکە بۆ سەر ئیسرائیل، ئەنجامەکەی تێکشکاندنی ئابووریی ئێران دەبێت. زیانی ملیاران دۆلارتان لێدەدات. دەزانم ئێوەی خەڵکی ئێران ئەم جەنگەتان ناوێت، من و خەڵکی ئیسرائیلیش نامانەوێت. ئەوەی ئەمەی دەوێت و ژیانی خێزانەکانتان دەخاتە مەترسییەوە، ستەمکارەکانی تارانن." 
 
تاوەکو ئێستا، ئێران دووجار هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل و ئەویش جارێک وەڵامیداوەتەوە. 
 
بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیل، 4 سەربازی ئێرانی کوژراون، هەروەها لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران کەسێکی خەڵکی کەرتی رۆژئاوای فەلەستین کوژراوە.  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە