رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، شەممەی داهاتوو شاندێکى وەزارەتى سامانە سرووشتیەکانی هەرێمی کوردستان سەردانى بەغدا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەى دانوستاندنەکان بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت. دەشڵێت، "وەزیرى دارایی بە نووسراو بەڵێنى داوە پارەى کۆمپانیاکانى نەوت خەرج بکات".
حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوتى عێراق رۆژی چوارشەممە پانێلێکی تایبەت لە کۆڕبەندی سلێمانی رایگەیاند زیاتر لە ساڵ و نێوێک پەیوەندى لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەدیاریکراوى لەگەڵ وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان هەبووە، لە بارەى میکانیزمى هەناردەکردنەوەى نەوت، چونکە پێویستییەکى زۆر هەیە بۆ زیادکردنى داهات و بۆ پاڵشتى بودجەى عێراق، کە سوودیشى بۆ حکومەتى هەێمى کوردستان هەیە.
حەیان عەبدولغەنی گوتى: "یاسای بودجە شەش بۆ حەوت دۆلارى بۆ بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان دیاری کردبوو، ئەو پارەیە پێویستى گرێبەستەکانى نەوتى پڕ نەدەکردەوە و نرخى راستەقینەى بەرهەمهێنانى نەوتى کۆمپانیاکانى دەستەبەر نەدەکرد".
پەرلەمانى عێراق رۆژی دووى شوباتى 2025، یەکەم هەموارى یاسای بودجەى سێ ساڵی عێراقى پەسندکرد وەک هەنگاوى یەکەمى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، کە لە کۆتایی مانگى ئادارى 2023ـەوە راگیراوە.
وەزیرى نەوتى عێراق ئاماژەى بەوەدا، بەگوێرەى هەموارى یاسای بودجە ئەو پارەیەى دەدرێتە کۆمپانیاکانى نەوت کە 16 دۆلارە بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەى هەر بەرمیلێک پێشینەیەکى بەراییە.
حەیان عەبدولغەنی گوتى: "کێڵگەکانى هەرێمى کوردستان لە رووى سرووشتى جوگرافییەوە سەختە و هەڵکەندنى بیرەکان تێچووى زۆرە و بەرهەمیشیان کەمترە، کێڵگە هەیە بەرهەمی دەگاتە 20 بۆ 25 هەزار بەرمیل، بەراورد بە کێڵگەى رومیلە زۆر کەمە، کە رۆژانە یەک ملیۆن و 450 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، لە کێڵگەى بەدرە و ئەحدەب بەرهەمهێنانى هەر بەرمیلێک زیاتر لە 36 دۆلارى تێدەچێت، لەکاتێکدا گرێبەستى بەرهەمهێنانى نەوت لە کێڵگەکانى رومێلە 4 دۆلار تێپەڕ ناکات".
کێڵگەى رومێلە لە سنوورى پارێزگاى بەسرەیە، هەردوو کێڵگەى ئەحدەب و بەدرە لە پارێزگاى واست-ن.
هەموارى یاسای بودجە لە 17ـی شوباتى 2025 کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەڵام هەناردەکردەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستى پێنەکردووەتەوە کە زیاتر لە دوو ساڵە راگیراوە.
بڕى نەوتى رادەستکراوى هەرێمى کوردستان یەکێکە لە بەربەستەکانى بەردەم رێککەوتنى هەولێر و بەغدا، حەیان عەبدولغەنی دەڵێت:" لە یاسای بودجەدا رۆژانە 46 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکارهێنانى نەوت بۆ ناوخۆ، دیاریکراوە، بەگوێرەى ئەو ژمارانەى کە پێمانگەیشتووە هەرێمى کوردستان 286 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەھێنێت و 115 هەزار بەرمیل دیاریکراوە بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی"
بە گوێرەى هەموارى یاساى بودجە ئەو 16 دۆلارە بۆ کۆمپانیاکانى نەوت تاوەکو ئەو کاتەیە لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری لە 60 رۆژدا نرخێکى خەمڵێندراوى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت دیاری دەکات.
وەزیرى نەوتى عێراق گوتى: "سێ کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسانى تەکنیکى هەرێمى کوردستان کردووە و لەسەر چارەسەرکردنى چەند تێبینییەک رێککەوتین، بەڵام کۆمپانیاکان ویستیان بزانن چۆن شایستە داراییەکانیان دەستدەکەوێت؟ نووسراوێک بە واژۆى وەزیرى دارایی کراوە کە بەڵێنى خەرجکردنى ئەو پارانە دەدات بۆ کۆمانیاکانى نەوت".
یەکێکى دیکە لەو کێشانەى کە بەربەستن بوون لە بەردەم رێککەوتنى هەولێر و بەغدا قەرزى کۆمپانیاکانى نەوت بووە لە هەرێمى کوردستان. بەگوتەى وەزیرى نەوت کۆمپانیاکانى نەوت داوایان کردووە حکومەتى فیدراڵى ئەو قەرزانە بداتەوە و ئەوە لە هەموارى یاساکەدا نەهاتووە و دەکرێت لەدواى جێبەجێکردنى هەموارەکە گفتوگۆى لەبارەوە بکرێت.
حەیان عەبدولغەنی گوتى: "دەرگاکان دانەخراون لە بەردەم دانوستاندن، رۆژى شەممە شاندى وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان سەردانى بەغدا دەکات بۆ تەواوکردنى دانوستاندنەکان، چوار کۆمپانیا رێککەوتنیان لەگەڵ وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان هەیە بۆ هەناردەکردنى نەوت و کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوت (سۆمۆ) گرێبەستى لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە کردووە و نوێ کراوەتەوە بۆ ئەوەى ئامادە بن بۆ هەناردەکرنەوەى نەوت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ