بەرەی یەکگرتووی کورد هۆشداریدەداتە دەسەڵاتی ئێران

15-06-2022
ناسر پیرۆتی
نیشانەکردن بەرەی یەکگرتووی کورد
A+ A-

رووداو - هەولێر

بەرەی یەکگرتووی کورد لەبارەی چارەسەرنەکردنی بنەڕەتی کێشەکانی ئێران هۆشداریدەداتە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە و دەڵێت، دانبەخۆداگرتنی خەڵک تەواو بووە و سەرکوتکردن خەڵکی ناڕازی ناوەستێنێت.
 
بەرەی یەکگرتووی کورد لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 15-06-2022 بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، قەیران و کێشەی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و کولتوورییەکان بەهۆی ناکارامەیی دەسەڵات، پلاندانانی نازانستی و پێکهاتەی پڕ کێشەی دەسەڵاتدارێتیی لە ئێران گەیشتوونەتە ئەوپەڕی خۆیان و چیدیکە خەڵک ناتوانن لە بەرامبەر ئەو هەموو کێشەیەدا دان بەخۆیاندا بگرن. 
 
بەرەی یەکگرتووی کورد لە راگەیێندراوەکەیدا دەشڵێت، هەڵاواردن و گرنگی نەدان بە خواست و داواکاریی نەتەوەکانی نێو ئێران کێشەکانی زیاتر کردووە و پێکهاتە نەتەوەییەکانی لە ناوەند دوورتر کردووەتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی بەرەی یەکگرتووی کورد ئەوەش هاتووە: "ناڕەزایەتیی خەڵکی هەژار و کەمداهات و خاوەن پیشەکان رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت و دەسەڵاتی ئێران رێگەیەکی هەڵەی لە پەیوەندی نێودەوڵەتیدا گرتووەتەبەر و لەجێگەی چارەسەرکردنی کێشەکان، هەوڵدەدات ناڕازییانی نێوخۆیی سەرکوت بکات، بەڵام ئەو سیاسەتە سەرکەوتوو نابێت و تووڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵک زیاتر دەکات".
 
ئەو رێکخراوە سیاسییەی نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان پشتگیری لە ناڕەزایەتیی خەڵک دەکات و سەرکۆنەی سەرکوتکردنیان دەکات و داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات، پێداچوونەوە بە هەڵسوکەوت و هەڵوێستەکانیاندا بکەن و هۆشداریدەدات، ئەگەر هەڵسوکەوتی دەسەڵاتداران و پێکهاتەی دەسەڵات بەشێوەیەکی بنەڕەتی نەگۆڕدرێت و کۆتایی بە هەڵاواردن و ستەم نەهێندرێت، کێشەکان چارەسەر نابن و خەڵکیش ئەم دۆخە قبوڵ ناکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە