کێشەی کەمیی کارەبا و گاز بەڕۆکی ئێرانی گرتووە

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
کێشەی کەمیی کارەبا و گاز لە ئێران
کێشەی کەمیی کارەبا و گاز لە ئێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لەگەڵ کۆتاییەکانی وەرزی گەرما و تێپەراندنی کێشەی کارەبا، بەرپرسانی ئێرانی بە نیگەرانییەوە باس لە دروستبوونی کێشەی کەمیی گاز لە وەرزی زستاندا دەکەن. 
 
محەممەدڕەزا عارف، جێگری سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند: "کاتمان نییە، بەداخەوە هەر لە ئێستاوە دیارە کە لە زستاندا تووشی کێشەی کەمیی گاز دەبین، سێ چوار مانگ دواتریش کێشەی ناهاوسەنگیی کارەبامان دەبێت. پێویستە ئەم کێشانە چارەسەر بکەین، بەو شێوازەی ئێستا، ناتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین."
 
ئێران هاوینی ئەم ساڵ کێشەی کەمیی کارەبای هەبوو. بە پێی راپۆرتی وەزارەتی وزەی ئەو وڵاتە، ناهاوسەنگی لە کەرتی کارەبا لە نێوان 18 بۆ 20 هەزار مێگاوات بووە. حکومەت دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە پێویستی بە 30 ملیار دۆلار وەبەرهێنان هەیە.
 
لە ئێستاشەوە بەرپرسانی حکومەت نیگەرانی هاتنی زستان و سەرهەڵدانی کێشەی کەمیی گاز دەکەن. وەزارەتی نەوتی ئێران رایگەیاندووە، ئێستا بەرهەمی رۆژانەی گاز لەو وڵاتە نزیکەی یەک ملیار مەتر سێجایە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە زستاندا بەکارهێنانی گاز لە بەرهەمهێنانی زیاتر بێت و بگاتە یەک ملیار و 60 ملیۆن مەتری سێجا.
 
غوڵامڕەزا تاجگەردوون، سەرۆکی لیژنەی پلان و بوودجەی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: "ناهاوسەنگیی لە هەموو بوارێکی ئابووریماندا هەیە، بەڵام زیاتر لە کەرتی وزەدا دەبینرێت. ناکرێ هەموو ئەو کێشانە لە بوودجەدا چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، بەڵکۆ پێویستی بە پلانێکی درێژماوە و وەبەرهێنان هەیە، بۆ نموونە کەرتی گاز پێویستی بە 100 ملیار دۆلار وەبەرهێنانە و ئەمەش بە بوودجەیەکی 12 ملیار دۆلاریدا ناکرێ."
 
وڵاتی ئێران لە بواری یەدەگی گاز و نەوت لە پلەی دووەم و سێیەمی جیهاندایە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە نەیتوانیوە وەبەرهێنانی پێویست لە کەرتی وزەیدا بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کۆچبەری ئەفغانستانی لە ئێران.

ئێران هەوڵی ناردنەوەی کۆچبەرە ئەفغانستانییەکان دەدات

ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران دەڵێت: "وڵاتی ئێمە توانای لەخۆگرتنی ئەو هەموو بیانییەی نییە، نەک ئەوەی بمانەوێت بە چاوێکی دیکە سەیریان بکەین، نە وانییە. ئەم ژمارە زۆرەی کۆچبەران کە لە ئەفغانستانەوە دێن، لەخۆگرتنی بۆ وڵاتەکەمان سەختە. کەسێک ئەگەر بیەوێت بڕواتە میوانی، ئەویش سنوورێکی هەیە."