سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد ئازادکرا

07-03-2024
پەیمان محەممەد
نیشانەکردن بەرەی یەکگرتووی کورد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد، کە پێشتر سزای یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، دوای تەواوکردنی سزاکەی، ئازاد کرا.
 
سیاوەش حەیاتی، سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد، پێشتر لەلایەن دادگەی شاری ئیسلامئاوا لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان سزای یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، دوای تەواوکردنی ماوەی سزاکەی لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان، دوێنێ (چوارشەممە، 06-03-2024) ئازادکرا.
 
دادگەی شۆڕشی شاری ئیسلامئاوا رۆژی 22-11-2022 بڕیاری لەسەر دۆسێی سیاوەش حەیاتی دابوو کە بە یەک ساڵ بەندکردن سزای دا.
 
ئەوکات بەرەی یەکگرتووی کورد لە راگەیێندراوێکدا گوتی، سیاوەش حەیاتی بەهۆی خوێندنەوەی گوتارێک لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی مینو مەجیدی، لە قوربانییانی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022 لە کرماشان، سزا دراوە.
 
مانگی ئەیلوولی ساڵی 2022، حەیاتی لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەو هاونیشتمانییەدا لە گۆڕستانی کرماشان، رەخنەی لە کوشتنی خۆپێشاندەران گرت و گوتی: ''دەسەڵاتی ئێران کەوتووەتە دەست کەمینەیەک کە بۆ پاراستنی خۆیان دەست بۆ هەموو شتێک دەبەن و کۆمەڵێک کەسیان بەرداوەتە گیانی خەڵک و خوێنیان دەڕێژن بۆ ئەوەی دەنگیان بەرزنەکەنەوە.''
 
دوای رێوڕەسمەکە، سیاوەش حەیاتی دوو جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و هەردوو جاریش بە کەفالەت ئازاد کرا. دواتر لقی پێنجی دادگەی شۆڕشی کرماشان لە شاری ئیسلامئاوای پارێزگاکە، بە تۆمەتی ''پڕوپاگەندە دژی نیزام'' ئەو سزایەی بۆ سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد دەرکرد.
 
بەرەی یەکگرتووی کورد تاکە رێکخراوی سیاسیی ئاشکرایە، کە لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکی دەکات. ئەو بەرەیە لە ساڵی 2005 دامەزراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی مۆڵەتی کارکردنی پێنەدراوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: زۆربەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە قاچاخ دەبردرێت

جۆفری پایت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەرمیکا بۆ سەرچاوەکانی وزە دەڵێت: "پێمان وایە پێویستە بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا بکەوێتەوە کار. پێمان وایە ئەمە کارێکی لەپێشینەیە، چونکە ئێستا بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی کردەیی گەیشتووەتەوە ئاستی پێش راگرتنی بۆرییەکە. ئەو نەوتە هەمووی دەڕوات بۆ شوێنێک. زۆربەی بە قاچاخ دەبردرێت. بە لۆری دەڕوات کە ئەوەش بە قورسی لەسەر رێگە و بانەکانی هەرێمی کوردستان دەکەوێت. لە دەرگای پشتەوە دەردەچێت بە شێوەیەک کە نە سوودی بۆ بودجەی هەولێر هەیە، نە بۆ بودجەی عێراق."