رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی پێنجشەممەوە 12-05-2022، حکومەتی ئێران نرخی مریشک، هێلکە، رۆن و شیر، شەکر و چەند جۆر خواردەمەنیی دیکەی بەرزکردووەتەوە. دانیشتوویەکی تاران دەڵێت، "خەڵکی هەژار لە بری گۆشت و مریشک ماکەرۆنییان دەخوارد، ئێستا ئەویش لەسەر سفرەی هەژارەکان نییە."
حکومەتی ئێران دەڵێت، ئەو هاوکارییەی پێشتر بۆ دابەزاندنی نرخی ئەو خۆراکییانە تەرخانی دەکرد، لەمەو بەدوا راستەوخۆ دەدرێتە خەڵک. بڕی هاوکارییەکەی حکومەت مانگانە 300 بۆ 400 هەزار تمەنە، بەڵام نرخی شتوومەک زۆر زیاتر بەرزبووەتەوە.
نرخی مریشک 100٪ بەرزکراوەتەوە و بووەتە نزیکەی 60 هەزار تمەن. کیلۆیەک هێلکە بووەتە 39 هەزار و 800 تمەن. کیلۆیەک شیری خاو بووەتە 12 هەزار تمەن و کیلۆیەک رۆن کراوەتە 67 هەزار تمەن. پێشتریش ئارد بە نرخی حکومی بۆ سەمونخانەکان هەڵگیراوە و ئێستا بە 10 هێندەی نرخی حکومی، ئارد دەکڕن.
حکومەت رایگەیاندووە نانی لەواشیش بە نرخی ئێستا سنووردار دەکات و بەپێی ژمارەی ئەندامانی خێزان بەو نرخە نان دەداتە خەڵک. لەم ڤیتییەدا کە دەیبینن، دانیشتوویەکی تاران دەڵێت، هەر نانی وشک و ماکارۆنی مابوو بتوانن بیکڕن، خەریکە ئەویش نامێنێت.
گرانکردنی بەشێك کاڵا، کاردانەوەی شەقامی لێدەکەوێتەوە، بەشی زۆری ئەو کەسانەی کە چوونە ناو بازاڕی تارانی ئێران، تووشی شۆکی گرانبوونی لە پڕی نرخی چەند کاڵایەکی سەرەکی بوون.
توراج زال، خاوەن رێستورانت دەڵێت، "بە گشتی نزیکەی 20٪ فرۆشمان کەمتر بووەتەوە، ئاردیش 10 هێندە گرانتر بووە. کیسەیەکمان بە 70 هەزار تمەن دەکڕی ئێستا بە 700 هەزار تمەنە".
کابینەکەی ئیبراهیم رەئیسی کە بە کۆمەڵێک بەڵێنی هەرزانکردنی کاڵاکان دەسەڵاتی وەرگرت، ئێستا هاوکارییە داراییەکانی حکومەت لەسەر خۆراکە سەرەکییەکان لابردووە.
حەسەن شەهابزادە، دانیشتووی تاران باسی لەوە کرد، "خەڵکی هەژار لە بری گۆشت و مریشک، ماکەرۆنییان دەخوارد، ئێستا ماکەرۆنییەکەش لەسەر سفرەی ئەو هەژارانە نەما، دەبێت تەنیا نانی وشک بخۆین، نانیش بەگوێرەی ژمارەی خێزانەکەت وەریدەگریت، واتە ژمارەکەی سنووردارە".
ئێران نیوەی رۆنی شل و نیوەی گەنم و جۆیەکەی لەڕێگەی ئۆکرایناوە دابین دەکات، کە بەهۆی شەڕەوە وەستاوە، هەڵئاوسان گەیشتووەتە 40٪. لە هەر 10 خێزانێك سیانیان لە ژێر هێڵی هەژاریدان و بەهای تمەنیش لە ئاست دۆلار بەردەوام روو لە داکشانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ