رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵگەی ئێران بەهۆی دۆخی خراپی ئابوورییەوە خەریکە دەتەقێتەوە. ئەمە بۆچوونی 61 شارەزای ئابووری ئێرانە کە هۆشداریان بە سەرۆککۆماری ئێران داوە، نەشتەرگەری و چاکسازیی ئابووری وڵاتی رووبەڕووی مەترسی گەورە کردووەتەوە.
حکومەتەکەی ئیبراهیم رەئیسی بەهاری ئەمساڵ نەشتەرگەریی ئابووریی دەستپێکرد. بەو مانایەی حکومەت چیدیکە نایەوێت پارەی بەرهەمهێنان بدات، بۆ ئەوەی شتومەک و پێداویستییەکان بە هەرزان بە دەستی خەڵک بگەن.
ئەمیر عەلی حەیدەری، شارەزای ئابووری دەڵێت، "نرخی ئارد بۆ حکومەت کیلۆیەک 17 هەزار تمەن دەوەستێت، بەڵام هەر ئەمە حکومەتە کیلۆیەک بە 670 تمەن دەداتە نانەواخانەکان، واتە حکومەت 16 هەزار و 330 تمەن پارە دەدات."
61 شارەزای ئابووری دەڵێن، ئەم سیاسەتە بە هەندێ مەرج دەیتوانی دۆخی ئابووری ئێران بگۆڕێت، لەوانە رێککەوتنی ئەتۆمی و قبوڵکردنی کۆنڤانسیۆنی+++ بەرەنگاربوونەوە دارایی تیرۆریزم و شۆردنەوەی پارە.
بێهیوابوون لە بە ئەنجام گەیشتنی رێککەوتنی ئەتۆمیی و هەندێ سیاسەتی ئابووری حکومەت، ئابووری وڵاتەکەی تووشی شۆک کردووە. بۆ نموونە سیاسەتی حکومەت لە بوارەکانی بازاڕی کار، بازاڕی کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکان و دواتر لابردنی دۆلاری حکومی بە نرخی 4 هەزار و 200 تمەن بۆ هاوردە، خەڵکی بۆ دابینکردنی بژێوی و سەقامگیری کار و کەسابتیان شڵەژاندووە.
ئەو شارەزایانە دەڵێن، پێداگریی حکومەت لەسەر ئەم سیاسەتانە، تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە و لە ئەنجامدا دەسەڵات و خەڵک رووبەڕووی یەکتر دەکاتەوە. حکومەت بۆ کۆنترۆڵی گرانییەکان بۆ دوو مانگ 800 هەزار تمەن بە هەر تاکێک دەدات، دواتریش کۆبۆن بە خێزانە کەم داهاتەکان دەدات.
گرانبوونی لەناکاوی کەلوپەل و پێداویستییەکان، ناڕەزایەتی خەڵکی لە نزیکەی 10 پارێزگای ئێرانی لێکەوتەوە. خەڵک دەڵێن، ئەو پارەیەی حکومەت دەیدات، شتێکی ئەوتۆی پێ ناکڕدرێت.
محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، "لە پلانی پێنج ساڵەی وڵاتدا دەتوانین سەقامگیری بۆ ئابووری بگەڕێنینەوە. وڵاتی ئێمە ئەو توانایەی هەیە، کەوا هەر لەم دۆخە دژوارەدا بتوانین بەم ئاراستەیەدا بەرەوپێش بچین."
سیاسەتی ئابووری حکومەت نرخی دۆلاری بۆ کەمترین ئاست دابەزاندووە، دۆلارێک گەیشتووەتە نزیکەی 32 هەزار و 500 تمەنیش و هەڵاوسان لە ئاستێکی بەرزدایە.
شارەزایانی ئابووری پێیانوایە، ئابووری بۆ نەشتەرگەریی ئامادە نەکرابوو، بۆیە دەتوانێت مەرگی نەخۆشەکەی لێبکەوێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ