رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئێران لە پەکین دەڵێت، چین "ئاشتی و گەشەپێدان" بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست فەراهەم دەکات، لە کاتێکدا کە ئەمریکا "جەنگ، خوێنڕێژی و نەهامەتی" بۆ ناوچەکە هێناوە.
محەممەد کێشاوەرززادە، باڵیۆزی ئێران لە چین دەڵێت، "ئەمریکا جگە لە جەنگ، خوێنڕێژی و نەهامەتی هیچی دیکەی بۆ ئێمە نەهێناوە. بەڵام چین پابەندە بە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
هەروەها باس لەوە دەکات کە کۆمپانیا چینییەکان "ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەیان" لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووەتەوە.
باڵیۆزی ئێران لە پەکین دەڵێت، "نابێت ئامادەیی چین لە ناوچەکە وەکو ئامادەیی ئەمریکا سەیربکرێت،" چونکە بە گوتەی خۆی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەوڵی "خۆسەپاندن و داگیرکاریی" داوە و "ژمارەیەکی بێکۆتایی پێشێلکاریی دژی مافەکانی مرۆڤ" کردووە، لە کاتێکدا کە چین "هەوڵی بەدەستهێنانی بەرژوەندیی هاوبەش و قازانجی دوولایەنانە دەدات."
محەممەد کێشاوەرززادە دەڵێت پێیوایە سیاسەتی "ئاشتی و گەشەپێدان"ی چین سوودێکی زۆری بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیاندووە، لە نێویشیاندا ئێران. بۆ نموونە، "پڕۆژەی میترۆی تاران گەشتکردنی بۆ پایتەختەکەمان زۆر ئاسان کردووە."
باڵیۆزە ئێرانییەکە جەختدەکاتەوە کە سیاسەتی پەکین "بەپێی خواستی حکومەتەکان و گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. لە کاتێکدا کە ئامادەیی ئەمریکا سووکایەتی و زۆرداریە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ