رووداو دیجیتاڵ
دوای قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجان، ئاژانسی تەسنیم نزیک لە سوپای پاسداران بڵاوی کردەوە، حکومەتی ئازەربایجان مزگەوت و نووسینگەی نوێنەرایەتیی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێرانی لە باکو، پایتەختی ئەو وڵاتە داخستووە.
بەپێی هەواڵێک کە ئاژانسی تەنسیم ئەمڕۆ 05.10.2021 لە تویتەر بڵاوی کردووەتەوە، مزگەوت و نووسینگەی نوێنەرایەتی سەیدعەلی ئەکبەر ئۆجاقنەژاد، نوێنەری عەلی خامنەیی بە بڕیاری لێپرسراوانی کۆماری ئازەربایجان داخرا.
لە رۆژانی رابردوودا ململانێ و ناکۆکیی نێوان ئێران و کۆماری ئازەربایجان قووڵتر بووەتەوە. ناکۆکییەکانیان دوای ئەوە هات کە نزیکەی 3 هەفتە لەمەوبەر وڵاتانی تورکیا، پاکستان و ئازەربایجان نمایشێکی سەربازییان لە نزیک سنوورەکانی ئێران لە خاکی ئازەربایجاندا بەڕێوەبرد.
دواتر ئازەربایجان رێگەی لە هاتووچۆی بارهەڵگرە ئێرانییەکان بە ناو خاکی خۆیدا بۆ رۆیشتن بۆ وڵاتی ئەرمینیا گرت. ئەمانە هاوکات بوو لەگەڵ ئەو دەنگۆیەی کە تورکیا و ئازەربایجان دەیانەوێ بە رێگەیەک سنووری هاوبەشی نێوان ئێران و ئەرمینیا ناهێڵن.
دوای بەدوای ئەمانە ئێران نمایشێکی سەربازیی لەسەر سنوورەکانی ئازەربایجان بەڕێوەبرد، کە رووبەڕووی کاردانەوەی نەرێنیی بەرپرسانی ئازەربایجان بووە.
کەماڵ خەڕازی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ستراتیژی پەیوەندییە دەرەکییەکان ئێران سەر بە نووسینگەی رێبەری ئێران ئەمڕۆ گوتوویەتی: ئیسرائیل "ئامانجی گڵاوی" هەیە کە "بەهۆی هەڵەی ستراتیژی حکومەتی ئێستاوە ئاگری شەڕ لە ناوچەدا هەڵدەگیرسێنێت و ئەمەش کارەسات دروستدەکات".
ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان رۆژی دووشەممە تۆمەتەکانی ئێران بۆ بوونی ئیسرائیل لە سنوورەکانی ئەو وڵاتەی رەتکردەوە و گوتی: "من لە رووباری ئاراسم، ئێران روونکردنەوە بدات ئیسرائیل لە کوێی ناوچەکەدایە؟".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ