ناڕەزایی خانەنشینان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە

05-05-2023
ناڕەزایی خانەنشینان لە رۆژهەڵاتی کوردستان
ناڕەزایی خانەنشینان لە رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

قەیران لە سندووقەکانی خانەنشینیدا؛ خانەنشینانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی بردووەتە سەر شەقامەکان. ئەوان ناڕەزایەتییان بە رەوشی خراپی بژێویی، نایەکسانی، هەڵاواردن و ستەمی سیستماتیکە، ئەمە بەگوتەی خۆیان.
 
سندووقەکانی بیمەی خانەنشینەکان نە تەنیا لە توانایاندا نییە مووچەی خانەنشینان بەپێی هەڵاوسان زیاد بکەن، بەڵکو رەنگە لە داهاتوو نەتوانن مووچەکانیشیان بە رێکوپێکی بدەن. 
 
سەجاد پادام، بەڕێوەبەری پێشووی بیمە کۆمەڵایەتییەکانی وەزارەتی کاری ئێران دەڵێت، "رەنگە بگەینە ئەو شوێنەی ناچار بین، قشم بفرۆشین، کیش بفرۆشین، خوزستان بفرۆشین. تەنانەت ئەگەر ئێستا دوو سێ ملیۆن بەرمیل نەوتیش بتوانین بفرۆشین و پارەکەشی وەربگرینەوە، لە ساڵانی داهاتوودا زەحمەتە خەرجییەکان دابین بکەین."
 
زۆر کەس راشکاوبوونی ئەویان بەرز نرخاندووە کە دانی بە راستییەکاندا ناوە، گەرچی ئەم لێدوانە کێشەی بۆی دروستکرد. بەڕێوەبەری بیمە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر کارەکەی لادرا. ئەگەرچی لە روونکردنەوەیەکی دیکەدا هەوڵیدا بە جۆرێک قسەکانی خۆی وەربگرێتەوە، بەڵام ئەنجامی نەبوو.
 
سەجاد پادام لە روونکردنەوەکەیدا باسی لەوە کرد، "لە بەشێک لەو فیلمەدا روونم کردەوە کە ئەگەر ئێران دەیەوێت، لەم قەیرانە پارێزراو بێت، دەبێت وەک وڵاتانی دیکە لە سیستمی خانەنشینیدا چاکسازی بکات، بە خۆشییەوە لە حکومەتی سێزدەیەمدا هەوڵ دراوە ئەم کێشەیە چارەسەر ببێت."
 
لەسەرکارلادانی ئەو؛ کێشەکانی سندووقەکانی خانەنشینی چارەسەر ناکات. بەگوتەی بەرپرسانی رێکخراوی دەستبەسەری کۆمەڵایەتی، خەرجییەکانی ئەو دامەزراوەیە زیاترە لە داهاتەکانی. حکومەتیش نزیکەی 500 تریلیۆن تمەن قەرزداری رێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتییە. لەلایەکی دیکەش هەڵاوسان کاریگەریی لەسەر داهاتەکانی ئەو رێکخراویە داناوە. 
 
نێعمەتوڵا تورکی، بەڕێوەبەری سندووقی خانەنشینەکان ئاماژە بەوە دەکات، "یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە داهات و دەرکەوت هاوسەنگ نییە. بەپێی پێوانە جیهانییەکان لە هەر شەش حەوت کارمەند، کەسێک خانەنشینە، بەڵام لە ئێران لە کارمەندێک شەش حەوت کەس خانەنشینن."
 
سندووقەکانی خانەنشینی حکومی نین، بەڵام بەرپرسەکانیان حکومەت دەستنیشانی دەکات. هەر ئەمە سندووقەکانی کردووەتە شوێنی گەندەڵی. ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە. لە ئێراندا 18 سندووقی خانەنشینی هەیە و نزیکەی 23 ملیۆن و 600 هەزار کەس مووچەیان لێوەرەدەگرن. 
 
لە وڵاتانی دیکە هەندێ رێکار بۆ چارەسەرکردنی سندووقەکانی خانەنشینی گیراوەتەبەر، وەک درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی، بەڵام ئەمە دەتوانێت ناڕەزایەتی گەورەی لێبکەوێتەوە. 
 
بەهۆی نەبوونی داهات، لەم ساڵانەدا سندووقەکانی خانەنشینی پشتیان بە سەرچاوەی داهاتی حکومەت و بودجە بەستووە، بەڵام ئەمە رێکارێکی گونجاو بۆ دەربازبوون لە قەیران نەبووە. کۆی ئەم کێشانەی مەترسیی مایەپووچبوونیان لەسەر سندووقەکانی خانەنشینەکان دروست کردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە