ئێران بۆ چەککردنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوای هاوکاری لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

03-08-2023
سینا سۆما
نیشانەکردن نەتەوە یەکگرتووەکان ئێران
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی ئێران لە بەغدا داواکاری وڵاتەکەی لەبارەی حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دووبارە کردەوە و رایگەیاند، دەبێ ئەو حیزبانە چەک بکرێن و داوای لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد، بۆ ئەو مەبەستە هاوکاریی ئێران بکات.
 
محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 3-8-2023) لەگەڵ جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوە و بەپێی میدیای فەرمی حکومەتی ئێران، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە کراوە.
 
ئاژانسی فەرمیی ئێران (ئیرنا) رایگەیاند، باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە چالاکییەکانی حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کردووە و داوای کردووە، ئەو حیزبانە کە ئەو بە "گرووپی تیرۆریستی چالاک لە کوردستانی عێراق" ناوی هێناون، چەک بکرێن.
 
باڵیۆزی ئێران لە بەغدا هەروەها داوای لە جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کردووە، بۆ ئەم مەبەستە هەموو هەوڵێکی خۆی بخاتەگەڕ.
 
لە کۆبوونەوەکەدا پلاسخارتیش باسی سەردانی ئەمدواییەی بۆ تاران کردووە و جەختی کردووەتەوە، پێویستە عێراق و ئێران لە بواری ئەمنیدا زیاتر هاوکار و هاوئاهەنگ بن.
 
جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رۆژی یەکشەممە 30-07-2023 سەردانی ئێرانی کرد و لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە گرنگیی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی نێوان ئێران و عێراق کرد و گوتی، پێویستە رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، کە داماڵینی حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چەک بەشێکە لەو رێککەوتنە ئەمنییە.
 
ئێران چەندینجار داوای لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چەک بکەن و رێگە لە چالاکییەکانیان بگرن، ئێران هەڕەشەی کردووە، ئەگەر ئەو داواکارییەی جێبەجێ نەکرێت، هێرش دەکاتە سەر بنکە و پێگەکانیان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی 11-07-2023 محەممەد باقری، سوپاسالاری هێزە چەکدارەکانی ئێران هەڕەشەی ئەوەی کردبوو، ئەگەر عێراق بەڵێنەکانی سەبارەت بەو لایەنانە جێبەجێ نەکات، ئێران تووندتر لە جاران هێرش دەکاتە سەر بنکەکانیان.
 
محەممەد باقری رایگەیاندبوو "ئەگەر تاوەکو مانگی ئەیلوول حکومەتی عێراق بەڵێنەکانی بۆ داماڵینی چەک لە لایەنە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکات، ئەوا بەهێزتر لە جاران هێرشەکانمان دەستپێدەکەین."
 
ئیسماعیل خەتیبی، وەزیری ئیتلاعاتی ئێران و محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەوینی سوپای پاسدارانیش لە مانگی گوڵانی ئەمساڵدا هۆشدارییان دابووە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەگەر ئەو رێککەوتنە ئەمنییەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆکراوە، جێبەجێ نەکرێت، لە ئەگەری روودانی هەر نائارامییەک لەسەر سنوورە هاوبەشەکان، هێزەکانیان وەڵامێکی تووندیان دەبێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی شاری حەلەب پاش شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییە. وێنە: AFP

سوپای پاسداران: فەرماندەیەکمان لە حەلەب لە لایەن کەسێکی سەر بە ئەمریکا کوژراوە

فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران وەڵامی دەنگۆی کوژرانی جەنەرال کیومەرس پورهاشمی، فەرماندەی پلە باڵای سوپای پاسداران لە شاری حەلەب لەلایەن ئەفسەرێکی سوپای سووریا دەداتەوە و دەڵێت: "ئەو فەرماندەیە لەلایەن کەسێکی سەر بە ئەمریکاوە کوژرا."