رووداو دیجیتاڵ
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، لێدوانە دزەپێکراوەکەی محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران وەک "دووبارەکردنەوەی قسە دووژمنکارانەکانی دووژمنان و ئەمریکا" و "هەڵەیەکی گەورە" لە قەڵەم دا.
محەممەد جەواد زەریف لە وەڵامدا هەڵوێستی عەلی خامنەیی وەک "قسەی کۆتایی" ناوبرد و "پابەندبوون بە بڕیار و بۆچوونەکانی" رێبەری باڵای وڵاتەکەی وەک "پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر" ناوبرد.
محەممەد جەواد زەریف لە هەڤپەیڤینێکی دزەپێکراودا دەڵێ، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران ویستی خۆی بەسەر وەزارەتی دەرەوەدا بسەپێنێ و رەخنە لەوە دەگرێت کە لە ئێران "گۆڕەپانی شەڕ" بەسەر دیپلۆماسیدا زاڵکراوە.
عەلی خامنەیی لە گوتارێکدا ئێوارەی رۆژی 2ی ئابی 2021 رەخنەی لە قسەکانی زەریف گرت و قسەکانی وەزیری دەرەوەی بە "مایەی سەرسوڕمان و جێگەی داخ" ناوبرد و گوتی: "ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە کە نابێت بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی بیکات".
رێبەری باڵای ئێران وەزارەتی دەرەوەی وەک جێبەجیکاری بڕیارەکان لە قەڵەمدا و گوتی: "هەموو لایەک بزانێت کە لە هیچ شوێنێکی جیهاندا وەزارەتی دەرەوە سیاسەتی دەرەوە دەستنیشان ناکات، بەڵکو سیاسەتی دەرەوە لایەنە باڵادەستترەکان دیاری دەکەن".
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران تەنیا چەند کاژێرێک دواتر بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی خۆی لەگەڵ رێبەری ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام گوتی: قسەکانی عەلی خامنەیی "قسەی کۆتایین" و وەک دانانی "خاڵی کۆتایی" لەکۆتایی رستە لە قەڵەمی دان.
زەریف دەڵێ: "سیاسەتی دەرەوە دەبێت کۆدەنگی و هاوبۆچوونی نیشتمانی لەسەر بێت و لە بەرزترین ئاستەکانەوە بەڕێوە ببرێت و لەسەر ئەو بنەمایە پابەندبوون بە بۆچوون و بڕیارەکانی رێبەری لە سیاسەتی دەرەوەدا پێویستیی حاشاهەڵنەگرە".
زەریف لەو پۆستەدا نیگەرانی خۆی لە دزەپێکردنی ئەو هەڤپەیڤینە دەربڕیوە، کە بە گوتەی زەریف بووەتە هۆی "ناڕەحەت"بوونی رێبەری ئێران.
محەممەد جەواد زەریف چەند کاژێرێک پێش گوتارەکەی سەیدعەلی خامنەیی لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەو قسانەی کە پەیوەندییان بە قاسم سلێمانییەوە هەبوو، داوای لێبووردنی کرد.
ئایەتوڵڵا خامنەیی فەیلەقی قودسی وەک هێزێکی کاریگەر لە رۆژئاوای ئاسیادا لە قەڵەم دا و گوتی، ئەمریکییەکان لە فەیلەقی قودس و پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا نیگەرانن و هەوڵدەدەن سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندا بێت.
هەڤپەیڤینە دزەپیکراوەکە رۆژی 24ی شووباتی 2021 سەعید لەیلاز، شارەزای ئابووری و کەسایەتی نزیک لە حکومەتی حەسەن رووحانی، لەگەڵ محەممەد جەواد زەریفی ئەنجامیدابوو و بڕیار بووە ئەرشیف بکرێ و بەپێی گرنگیی بابەتەکان هەندێ بەشی دواتر بڵاو بکرێتەوە. بەڵام ئەم هەڤپەیڤینە رۆژی 25ی نیسان دزەی پێکرا و بڵاوکرایەوە.
هەڤپەیڤینەکە لەژێر چاودێریی ناوەندی لیکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی دامەزراوەی سەرۆککۆماریی ئێراندا ئەنجامدراوە، بۆیە لەژێر گوشارەکاندا حیسامەدین ئاشنا، بەڕێوەبەری ئەو ناوەندە، رۆژی 29ی نیسانی 2021 دەستی لەکار کێشایەوە.
محەممەدجەواد زەریف لەو هەڤپەیڤینەدا دەڵێ: "دیپلۆماسی کرا بەقوربانیی گۆڕەپانی شەڕ، بەڵام گۆڕەپانی شەڕ قەت تێچوویەکی بۆ دیپلۆماسی نەدا". ئەو گلەیی لەوە دەکات وەزارەتی دەرەوە لە سیاسەتی ناوچەیی ئێراندا رۆڵی نییە. زەریف هەروەها دەڵێ: رووسیا هەوڵیداوە رێککەوتننامەی ئەتۆمی شکست پێبهێنێت و بۆ ئەم مەبەستەش قاسم سلێمانی و سوپای پاسدارانی بەکارهێناوە.
ئەم بابەتانە پێچەوانەی سیاسەتی راگەیێندراوی فەرمی ئێرانن کە رووسیا وەک هاوپەیمانێکی نزیکی وێنا دەکات.
قسەکانی محەممەدجەواد زەریف کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران چوارشەممەی رابردوو گوتی: "بەشێک لە هەڤپەیڤینەکە پەیوەندیی بە حکومەتەوە نییە و لە کاتێکیشدا بڵاوکراوەتەوە کە دانوستاندنەکانی ڤییەننا لە لوتکەی سەرکەوتندان، ئەمەش بۆ ئەوەی لەناوخۆدا ناکۆکی دروستبکەن".
مەحموود ئەحمەدی بەیغەش، پەرلەمانتاری نەریتخواز دەڵێ: "لێدوانەکانی وەزیری دەرەوە دژی ئاسایشی نیشتمانی بوون و خیانەتی قووڵی حکومەت و پشتیوانەکانی نیشان دەدەن".
رێبەری ئێران لە کاتێکدا رەخنەی لە وەزیری دەرەوە گرتووە کە ریفۆمخوازان هەوڵدەدەن زەریف بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران بەربژێری بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ