حەماس: بە هەر رێککەوتنێک رازین کە کشانەوەی ئیسرائیل لەخۆبگرێت

30-10-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی حەماس دەڵێت، بزووتنەوەکە ئامادەیە هەر گفتوگۆیەک بۆ ئاگربەستی غەززە بکات، بەمەرجێک کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە سنووری غەززە لەخۆبگرێت. دەشڵێت، هێشتا هیچ پێشنیازێکیان بەدەست نەگەیشتووە.
 
رۆژی چوارشەممە 30-10-2024 بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی "تاوەکو ئێستا لەسەر پرسی ئاگربەست هیچ پێشنیازێکی تێروتەسەلمان بەدەست نەگەیشتووە. ئێمە ئامادەین هەر گفتوگۆیەک بکەین، کە راگرتنی جەنگ و کشانەوەی سوپا لە غەززە لەخۆبگرێت."
 
ئەو بەرپرسە تۆمەتی ئەوەی خستەپاڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کە بەربەست دەخاتە بەردەم هەوڵەکانی ئاگربەست، "هەروەها ئەجێندای جینۆساید، پاکتاوکردنی نەتەوەیی و ئاوارەکردن پەیڕەو دەکات، ئەمەش بەهۆی گوشارنەکردنی ئەمریکاوەیە."
 
جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد و تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامە، نزیکەی 43 هەزار کەس لە غەززە و 1200 کەس لە ئیسرائیل کوژراون.
 
بەرپرسەکەی حەماس رایگەیاند، ئەوان بە نێوەندگیرەکانیان گوتووە بزووتنەوەکەیان ئامادەیە ئەگەر ئەوان [ئیسرائیل] هاوڕای پێشنیازێکی ئاگربەست بن، بە مەرجێک کشانەوەی هێزەکانیان، گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، گەیاندنی هاوکاری و رێککەوتنی ئازادکردنی بەندکراوەکانی فەلەستین لەخۆبگرێت. 
 
لەلایەکی دیکە، یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل داوای لە سەربازەکانی کرد لە غەززە گوشاری سەربازیی بکەن، "بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە کە بارمتەکان ئازاد دەکرێن."
 
دوێنێ سێشەممە 29-10-2024 حەماس رایگەیاند، لەسەر داوای نێوەندگیرەکانی وەکو قەتەر و میسر، چەند گفتوگۆ و کۆبوونەوەیەک لەبارەی پێشنیازی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بەندکراوەکان کراوە.
 
رۆژی دووشەممە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو هیچ پێشنیازێکی ئاگربەستی "دوو رۆژە"ـی بەدەست نەگەیشتووە. نووسینگەی نەتەنیاهوو رایگەیاند "ئیسرائیل هیچ پێشنیازێکی لەبارەی ئازادکردنی 4 بارمتە بەرامبەر 48 کاژێر ئاگربەستی پێنەگەیشتووە. ئەگەر پێشنیازێکی لەمجۆرە هەبێت، سەرۆکوەزیران دەستبەجێ قبووڵی دەکات."
 
راگەیێندراوەکە لەبارەی لێدوانێکی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر بوو کە لە رۆژی یەکشەممە 27-10-2024 ئاماژەی پێدا. 
 
ئەمریکا، قەتەر و میسر چەندین مانگە رۆڵی نێوەندگیر دەبینن و دەیانەوێت حەماس و ئیسرائیل لەسەر راگرتنی جەنگ، گەیاندنی هاوکاری و ئاڵوگۆڕی بەندکراو و بارمتە رێککەون. 
 
رۆژانی 27 و 28ـی تشرینی یەکەم هەریەک لە دەیڤید بارنیا، بەرپرسی هەواڵگریی ئیسرائیل؛ بیڵ بێرنز، سەرۆکی CIAـی ئەمریکی لەگەڵ محەممەد بن عەبدولڕەحمان، سەرۆکوەزیرانی قەتەر دووجار کۆبوونەوە. 
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، گفتوگۆکان سەرنجیان خستەسەر "ئاگربەستێکی کورتخایەن کە کەمتر بێت لە مانگێک. بەرپرسانی ئەمریکا پێیانوایە ئەگەر ئاگربەستێکی کورتخایەن رابگەیێندرێت، رێگە خۆشکەر دەبێت بۆ ئاگربەستێکی تاهەتایی."
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە