رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی تازە هەڵبژێردراوی حیزبوڵڵا دەڵێت، لەسەر رێچکەی "جەنگ"ـی ئەمینداری پێشوو بەردەوام دەبن. لە باسی ئێرانیش ئاماژەی بەوەدا، "پشتگیریی لە پڕۆژەکەمان دەکەن، بەڵام داوای هیچمان لێ ناکەن."
رۆژی چوارشەممە، 30-10-2024 نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی نوێی حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند "کاری من بریتییە لە بەردەوامیدان بەو پرۆگرامەی سەرکردەمان سەیید حەسەن نەسروڵڵا داینابوو."
ئەمە، یەکەم پەیامی نەعیم قاسم بوو دوای ئەوەی دوێنێ بە ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکە هەڵبژێردرا. نەعیم قاسم گوتی: "بەردەوام دەبین لە پلانی ئەو جەنگەی حەسەن نەسروڵڵا لەگەڵ سەرکردایەتیی حیزبوڵڵا پەرەی پێدابوو."
ئەمیندارە نوێیەکەی حیزبوڵڵا ئاماژەی بەوەدا، بزووتنەوەکەی ئەوان "بە نوێنەرایەتیی هیچ کەسێک و بۆ هیچ کەسێک شەڕ ناکات، بەڵکو بۆ لوبنان شەڕ دەکات. ئێران پشتگیریی ئەو پرۆژەیەی ئێمە دەکات و داوای هیچمان لێناکات."
نەعیم قاسم سوپاسی بزووتنەوە لوبنانییەکەی کرد کە ئەویان بۆ ئەو پۆستە هەڵبژاردووە و گوتی "داوا لە خودای گەورە دەکەم، لەم بەرپرسیارێتییە قورسە یارمەتیم بدات بۆ ئەوەی ببمە خزمەتکاری ئەو دۆزە."
رۆژی 27-09-2024 لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای حیزبوڵڵا لە بەیرووت، حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری پێشوو کوژرا. چاوەڕوان دەکرا لە شوێنی نەسروڵڵا، هاشم سەفیەدین وەکو ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکە دیاری بکرێت.
رۆژی 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، حیزبوڵڵای لوبنانی لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی هاشم سەفیەدینی راگەیاند.
دوێنێ سێشەممە 29-10-2024 حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند "لە سۆنگەی پابەندیمان بە پرەنسیپ و ئامانجەکانی حیزب و بەگوێرەی رێکارەکانی هەڵبژاردنی ئەمینداری گشتی، دوای راوێژ و رێککەوتن، حیزبوڵڵا بڕیاری دا سەماحەتی شێخ نەعیم قاسم، وەکو [چوارەم] ئەمینداری گشتی هەڵبژێرێت."
نەعیم قاسم هەروەها گوتی "نەکەن بڵێن ئیسرائیل پابەندی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە و ئێمە دنەمان داوە؛ بەڵکو رۆژی 11ـی ئۆکتۆبەر ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان گفتوگۆیان کرد بۆ ئەوەی جەنگ لە دژی لوبنان رابگەیێنن، بەڵام ئەمریکا پشتگیریی ئەوەی نەکرد."
قاسم هۆشداریی دایە سوپای ئیسرائیل و گوتی: "لە خاکەکەمان بڕۆنە دەرەوە بۆ ئەوەی ژمارەی کوژراوەکانتان کەمببێتەوە. ئەگەر لە خاکی ئێمەدا بمێننەوە، باجێکی زۆر قورس دەدەن کە لە ژیانتان نەتانداوە. حیزبوڵڵا دەتوانێت بۆ ماوەی چەندین هەفتە و مانگ لە جەنگ بەردەوام بێت."
دوای ماوەیەکی کەم لە دەستنیشانکردنی قاسم؛ یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنەیەکی نەعیم قاسمی دانا و نووسی "بۆ ماوەیەکی کاتی هەڵبژێردراوە، نەوەک بۆ ماوەیەکی درێژ." دواتر وەزیرە ئیسرائیلییەکە وێنەیەکی دیکەی نەعیم قاسمی دانا و بە عیبری نووسی: "کاتی هاتووە."
نەعیم قاسم لەدایکبووەی ساڵی 1953ـیە و بەکالۆریۆسی لە کیمیا هەیە؛ لە ساڵانی 1991-2024 جێگری ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا بووە و تاوەکو ئێستا 26 کتێبی نووسیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ