پێکدادانی قورس لەنێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی كەرتی غەززە روودەدات

30-10-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ دەستپێکردنی 24ـەمین رۆژی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ژمارەیەک ناوچەی کەرتی غەززەیان بۆردوومانکرد. حەماس دەڵێت، چەکدارەکانی لەنێو غەززەدا کەوتوونەتە شەڕ و پێکدادانی قورس لەگەڵ سوپای ئیسرائیل. بانگەوازە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی زیاتر بە غەززە، لەزیادبووندان. 
 
تەندروستیی غەززە بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو فەلەستینیانەی لە ئەنجامی بۆردوومانی ئیسرائیل کوژراون، گەیشتووەتە هەشت هەزار و 5 کەس، کە سێ هەزار و 342 کەسیان منداڵ، دوو هەزار و 62ـیان ژن و 460ـیان بەتەمەنن؛ هەروەها نزیکەی 20 هەزاری دیکە برینداربوون. 
 
ئاماری کوژراوانی ئیسرائیل وەک خۆی ماوەتەوە، کە بەرپرسانی ئیسرائیلی دەڵێن، لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە هەزار و 400 کەس کوژراون کە بەشی هەرە زۆریان خەڵکی سڤیلن و سەرووی 300 سەربازیان لەنێودایە، بەڵام سوپای ئیسرائیل ئاماری نوێی لە بارەی ئەو کەسانە بڵاوکردەوە کە لە لایەن حەماسەوە بە دیل گیراون و دەڵێت، ژمارەیان 239 کەسە. 
 
کەتائیبی قەسام، باڵی چەکداریی حەماس رایگەیاند، دوو ئۆپەراسیۆنیان دژی هێزەکانی ئیسرائیل ئەنجامداوە و بە پاراگلایدەر دابەزیونەتە پشتەوەی هێڵەکانی بەرگریی ئیسرائیل و لە شەڕ و پێکدادانی سەختدا، ژمارەیەک تانک و زرێپۆشی ئیسرائیلییان تێکشکاندووە. 
 
سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، بە هێرشی زەوینی بۆ نێو غەززە، لە رۆژی هەینییەوە "قۆناخێکی نوێی" جەنگەکە دەستیپێکردووە. 

 

هاوکات مانگی سووری فەلەستینی رایگەیاند، شەوی رابردوو 24 بارهەڵگری یارمەتیی مرۆیی لە دەروازەی رەفەحی میسرەوە چوونەتە نێو کەرتی غەززە، بەوەش کۆی گشتیی بارهەڵگرەکان لە هەفتەی رابردووەوە گەیشتە 118 بارهەڵگر، لە کاتێکدا پێش جەنگەکە رۆژانە 500 بارهەڵگر دەچوونە نێو کەرتی غەززە بۆ دابینکردنی پێداویستیی سەرووی دوو ملیۆن دانیشتووی ناوچە فەلەستینییە گەمارۆدراوەکە. 
 
سەرکردەکانی جیهان جەخت لە گرنگیی ناردنی یارمەتی زیاتری مرۆیی بۆ نێو کەرتی غەززە دەکەنەوە و لە چەندین پایتەختی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رۆژئاوای جیهان خۆپێشاندان بۆ وەستاندنی جەنگەکە کران، دوای ئەوەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی شەممە (28-10-2023) داوای لە ئیسرائیلییەکان کرد خۆیان بۆ "جەنگێکی درێژ و سەخت" ئامادە بکەن. 
 
وێڕای بانگەوازەکان بۆ ئاگربەستی مرۆیی، توڕەیی نێودەوڵەتی و مەترسیی سەر ژیانی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە غەززە، ئیسرائیل بۆردوومانەکانی چڕترکردووەتەوە. 

 

 
ترسێکی گەورە لە نێو کەرتی غەززەدا بڵاوبووەتەوە، لە کاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانە 2.4 ملیۆنییەکەی ئاوارەبوون و هەزاران باڵەخانە وێران بوون.
 
زیادکردنی یارمەتیی مرۆیی بۆ غەززە
 
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا "جەختی لە پێویستیی زیادکردنی دەستبەجێ و بەرچاوی یارمەتییە مرۆییەکان کردەوە بۆ دابینکردنی پێداویستیی خەڵکی سڤیلی غەززە،" ئەمە وەک لە راگەیێندراوێکی کۆشکی سپیدا هاتووە. 

 

کۆشکی سپی هەروەها دەڵێت، لە پەیوەندییەکی جیادا، بایدن و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر "پابەندبوونی خۆیان بە خێراکردن و زیادکردنی بەرچاوی یارمەتییەکان دووپاتکردەوە."
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایگەیاند، "لە هەر کاژێرێکدا دۆخەکە خراپتر دەبێت"، لە کاتێکدا خەڵکی زیاتر بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل گیانلەدەستدەدەن و لە ئەنجامی گەمارۆییەکی تونددا ئاو خۆراک و دەرمان بەرەو نەمان دەچن. 
 
موسا ئەبو مەرزووق، بەرپرسی باڵای حەماس رۆژی یەکشەممە، داوای لە میسر کرد هەنگاوی "یەکلاکەرەوە" بنێت بۆ خێراکردنی گەیاندنی یارمەتییەکان بە غەززە. 
 
ئەو بەرپرسە گوتی، "پێویستە میسر وەک تەماشەکار نەمێنێتەوە. چاوەڕێی هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە لە میسر دەکەین بۆ ئەوەی رێگە بە یارمەتییەکان بدات بە زووترین کات بگەنە غەززە."
 
هاوکات مانگی سووری فەلەستینی رایگەیاند، ئیسرائیل چەندین جار دەوروبەری نەخۆشخانەی قودسی لە نێوەڕاستی غەززە بۆردوومانکردووە و ژیانی خەڵکی سڤیلی خستووەتە مەترسییەوە. 
 
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی فەلەستینی ناسراوە بە ئونروا رایگەیاند، "هەزاران کەس" چوونەتە سەر ژمارەیەک لە کۆگاکانی رێکخراوەکە لە غەززە و ئارد و پێداویستییەکانی دیکەیان بردووە. 
 
ئاژانسەکە دەڵێت، "ئەمە، ئاماژەیەکی نیگەرانکەرە کە خەریکە سەقامگیریی کۆمەڵایەتی دادەڕمێت."
 
بەرپرسێکی ئەمریکیش کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاندووە، ئیسرائیل رازی بووە رێگەبدات رۆژانە 100 بارهەڵگری یارمەتی بچنە نێو غەززەوە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئەو ژمارەیە پێویستە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان. 
 
"هەموو شوێنەکان مەترسیدارن"
 
رۆژی یەکشەممە (29-10-2023) سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، سەدان پێگەی حەماسیان بەئامانجکردووە و ژمارەی هێزەکانیان لەنێو غەززەدا زیادکردووە. 
 
سوپای ئیسرائیل باسی لەوە کرد سەربازەکانیان "رووبەڕووی" چەکدارانی حەماس بوونەتەوە دوای ئەوەی لە توونێلێکی باکووری غەززەوە هێرشیان کردووە. 
 
لە پەیامێکی تەلەڤیزیۆنیدا، درەنگی شەوی شەممە، نەتەنیاهوو دەستپێکی "قۆناخی دووەمی جەنگەکەی" بۆ "ریشەکێشکردنی" حەماس راگەیاند. 
ئیسرائیل هێڵەکانی تەلەفۆن و ئینتەرنێتی لەسەر غەززە بڕیبوو. رۆژی یەکشەممە وردە وردە هێڵەکان کەوتنەوە کار. 
 
جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "ئەرکی" ئیسرائیلە جیاوازی لە نێوان چەکدار و خەڵکی سڤیلی بێتاوانی غەززەدا بکات". 

 

 
سوپای ئیسرائیل جارێکی دیکە داوای لە خەڵکی سڤیلی فەلەستین کرد بەرەو باشووری کەرتی غەززە بڕۆن بۆ ئەوەی  "سەلامەت" بن، بەڵام دانیشتووانی باکوور و نێوەڕاستی غەززە لە بۆردوومانی بەردەوامی ئیسرائیل دەترسن، کە بە گوتەی رێکخراوە مرۆییەکان، خەڵکی سڤیلی لە کاتی رۆیشتن بەرەو باشوور کردووەتە ئامانج. 
 
ئیبراهیم شەندوغلی، تەمەن 53 ساڵ، دانیشتووی جەبەلییە لە باکووری غەززە دەپرسێت، "دەتانەوێت بۆ کوێ بڕۆین؟ هەموو شوێنەکان مەترسیدارن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە