هۆشداری لە فراوانبوونی جەنگ بەرەو عێراق دەدرێت

17 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای حیزبوڵڵا لە بەیرووت
بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای حیزبوڵڵا لە بەیرووت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەدان کەس لە بەغدا لە دژی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا چوونەسەر شەقام و بە تووڕەییەوە بە ئیسرائیل و ئەمریکایان گوت: "شەیتانی گەورە." ئێستا مەترسیی فراوانتربوونی گرژییەکانی ناوچەکە زۆرە و ترس لە بڵاوبوونەوەی بە وڵاتەکانی دیکەدا هەیە.

بەگوتەی بەرپرسێکی باڵا بۆ رووداو، یەکێک لەو وڵاتانەی لەبەردەم ئەو مەترسییەدایە، عێراقە. عەبدولڕەحمان جەزائیری، فەرماندەی حەشد لە وەزارەتی بەرگریی عێراق دەڵێت: "زانیاریی هەواڵگری هەیە، بۆ یەکەمجارە بۆ کەناڵە بەڕێزەکەتان باسی دەکەم چەند کاژێرێک لەمەوبەر زانیاری هاتووە، هێزەکانی ئەمریکا هێرش دەکەنە سەر چەند شوێنێکی ستراتیژی، رەنگە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی، یان هەندێک شوێن بێت لە پارێزگەی بەسرە."
 
دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا بە بۆردوومانێکی ئیسرائیل لە باشووری بەیرووت، موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند، بە درۆن هێرشیان کردووەتەسەر شاری ئیلات لە باشووری ئیسرائیل. ئەمریکا پێیوایە رەنگە بۆشایی ئەمنی و میلیشیکان، عێراق راپێچی گەردەلوولی جەنگەکە بکەن.
 
ساموێل بێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "ساڵانێکە، بگرە دەیان ساڵە دەبینین، چۆن رژێمی ئێران سوود لە بۆشایی ئەمنی لە وڵاتانی وەکو سووریا، لوبنان و یەمەن وەردەگرێ بۆ پارەدارکردن و پڕچەککردن و بەهێزکردنی بریکارەکانی، بە حەماس و حیزبوڵڵا و میلیشیاکانی عێراق و ئەوانی دیکەشەوە."
 
ئێرانیش بێدەنگ نییە، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت: "خوێنی حەسەن نەسروڵڵا بەفیڕۆ ناچێت." 
 
هاوکات، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە وەڵامی نێردراوی رووداو گوتی، ئێران بەکاردەهێنرێت. سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت: "سەبارەت بە رێگریکردن لە تەشەنەکردنی ململانێکە بۆ وڵاتانی دیکە، ئەوەی ئێمە پێمان بکرێت دەیکەین؛ بەڵام تێگەیشتنی من ئەوەیە کە هەندێ لایەن دەیانەوێت ئێران هانبدەن تاوەکو لە کۆتاییدا ئەمریکاش دنە بدەن و جەنگێکی سەرتاسەری لە سەرانسەری ناوچەکەدا بەرپا بکەن."
 
نزیکەی ساڵێکە جەنگی غەززە ناوچەکەی خستووەتە گێژاوەوە و زیاتر لە 41 هەزار کەس لە غەززە و 1500 کەسیش لە لوبنان کوژراون، ئەمە 
جگە لە چەکدارانی حەماس، ئیسرائیل لە لەلایەن گرووپەکانی لوبنان، سووریا، یەمەن و عێراقیشەوە هێرشی لەسەرە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە