نەتەنیاهوو: ئێران چەکی ئەتۆمی دروستدەکات بۆ ئەوەی هێرشمان بکاتە سەر

28-10-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، ئێران خەریکە "جبەخانەیەک" لە بۆمبی ئەتۆمی دروستدەکات بۆ ئەوەی "هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل". هەروەها دەڵێت، پێی خۆشە وەکو ساڵانی رابردوو پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکان ئاسایی بکاتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 28-10-2024 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند: "ئێران هەوڵی زۆر دەدات، بۆ ئەوەی جبەخانەیەک لە بۆمبی ئەتۆمی و مووشەکی دوورمەودا و کیشوەڕبڕ دروستبکات و ئیسرائیل وێران بکات."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی: "دەکرێت ئێران لەهەر کاتێکدا بێت هەڕەشە لە هەموو جیهان بکات."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە ئێستا لەگەڵ حەماس و حیزبوڵڵا لە جەنگدایە گوتی: "دەمەوێت لەو پرۆسەیەی چەند ساڵێک لەمەوبەر کردم، بەردەوامبم کە واژۆکردنی پەیماننامەی مێژوویی ئەبراهام بوو، بۆ ئەوەی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی عەرەبی ئاشتیمان هەبێت."
 
ئەم قسانەی نەتەنیاهوو لە کاتێکدایە، بەرەبەیانیی رۆژی شەممە 26ـی تشرینی یەکەم، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند بە نزیکەی 100 فرۆکەی جەنگی هێرشی کردە سەر "چەند پێگەیەکی سەربازی" لە ئێران و لە ئەنجامدا "چوار سەربازی سوپای ئێران و یەک سڤیل" کوژران.
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکە "لە وەڵامی چەند مانگێک هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران دژی دەوڵەتی ئیسرائیل" کراوە.
 
کاژێر 06:00 دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل کۆتاییهێنانی هیرشەکەی راگەیاند و گوتی: "دەتوانم ئەوە رابگەیێنم کە ئێمە کۆتاییمان بە وەڵامی ئیسرائیل بۆ هێرشەکانی ئێران دژی ئیسرائیل هێنا."
 
دواتر، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی رایگەیاند: "هەر دەستدرێژییەکی رژێمی زایۆنی بە تووندترین شێوە وەڵام دەدرێتەوە."
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "ئێران بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە بەرژەوەندی و یەکپارچەیی خاک و گەلەکەی، هیچ سنوورێک بۆ خۆی دانانێت."
 
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی: "ئەو جووڵە شەڕەنگێزییەی رژێمی زایۆنی دوو شەو لەمەوبەر کردی، هەڵە بوو؛ زۆریش گەورەیان کردووە. ئەو جۆرەی ئەوان باسی دەکەن هەڵەیە، بەڵام بچووککردنەوەشی هەر هەڵەیە. زایۆنییەکان هەڵسەنگاندنی هەڵەیان بۆ ئێران کردووە. ئێران و گەنجەکانی ئێران ناناسن، ئەوان نەتەوەی ئێران ناناسن؛ هەروەها لەوەش شکستیان هێناوە لە هێزی داهێنان و توانای گەلی ئێران تێبگەن، دەبێت تێیان بگەیێنین."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە