رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت، لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلی و ئێرانییەکەی قسەی کردووە. ئەو وەزیرە پێیوایە جەنگێکی هەرێمی لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە و کارەساتی لێدەکەوێتەوە.
شەوی یەکشەممە 27-10-2024 دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیی گرنگم لەگەڵ یسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کرد. بەریتانیا بەردەوامە لە داواکردنی کەمکردنەوەی گرژییەکان و کۆتاییهاتنی تەنگژەکانی لوبنان و غەززە."
وەزیرە بەریتانییەکە هەروەها نووسیویەتی، "جەنگێکی هەرێمی، کارەساتبار دەبێت و لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە."
بەرەبەیانی رۆژی 26-10-2024 ئیسرائیل بە دەیان فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردە سەر سێ پارێزگەی تاران، ئیلام و خوزستان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان. ئیسرائیل رایگەیاند، "هێرشەکە لە وەڵامی چەندین مانگ هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران بوو لە دژی ئیسرائیل."
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، "100 فڕۆکە لە جۆری ئێف 15، ئێف 16 و ئێف 35 بە پاڵپشتیی فڕۆکەی بەرگریکار و فڕۆکەی گەیاندنی بەنزین بە 3 گەڕی هێرشکردن بە سەرکەوتوویی، 20 پێگەیان کردوونەتە ئامانج."
رۆژی یەکشەممە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی، "ئەو جووڵە شەڕەنگێزییەی رژێمی زایۆنی دوو شەو لەمەوبەر کردی، هەڵە بوو؛ زۆریش گەورەیان کردووە. ئەو جۆرەی ئەوان باسی دەکەن هەڵەیە، بەڵام بچووککردنەوەشی هەر هەڵەیە. زایۆنییەکان هەڵسەنگاندنی هەڵەیان بۆ ئێران کردووە. ئێران و گەنجەکانی ئێران ناناسن، ئەوان نەتەوەی ئێران ناناسن؛ هەروەها لەوەش شکستیان هێناوە لە هێزی داهێنان و توانای گەلی ئێران تێبگەن، دەبێت تێیان بگەیێنین."
یەکشەممە، سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکان چوار ئەندامی سوپا کوژران. دواتر، میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە: "لە ئەنجامی هێرشەکە سڤیلێک بەناوی ئەڵڵاوێردی رەحیم پوور بەهۆی سەختیی برینییەوە گیانی لەدەستدا."
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئێران بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە بەرژەوەندی و یەکپارچەیی خاک و گەلەکەی، هیچ سنوورێک بۆ خۆی دانانێت و لە سەردانەکەنم بۆ وڵاتانی ناوچەکە توانای ئێران بۆ بەرگریکردن و لێدان لەوانەی بەنیازی لەشکرکێشین بۆ سەر ئێران، بۆ لایەنە بیانییەکان روون کراوەتەوە."
دوای کۆتایی هاتنی هێرشەکان، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دوای بە ئامانجگرتنی کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی ئێران، هێرشەکان کۆتاییان هات. سوپای ئیسرائیل هەروەها رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکان گەڕانەوە بنکەکانی خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ