رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی کەرتی غەززە کە لە لایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبردرێت، رایدەگەیێنێت، ئیسرائیل زۆربەی هێڵەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندی لەسەر کەرتی غەززە بڕیوە. هەروەها سوپای ئیسرائیل بۆردوومانەکانی بۆ سەر غەززە چڕکردوونەتەوە و دەڵێت، "ئەمشەو هێزی وشکانیش ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ نێو غەززە فراوان دەکات." لە لایەکی دیکەشەوە، حەماس ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
بەپێی راگەیاندنی نووسینگەی راگەیاندنی کەرتی غەززە بێت، ئیسرائیل هێڵی ئینتەرنێت و مۆبایلی پچڕاندووە. هەروەها ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بەوەی "بە هێرشی خوێناوی لە ئاسمان، وشکانی و دەریاوە کۆمەڵکوژی" دژی خەڵکی سڤیلی غەززە ئەنجامدەدات.
هاوکات لە سەرەتای ئێوارەی ئەمڕۆوە، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر باکووری کەرتی غەززە بە شێوەیەکی بێوێنە چڕکردنەوە.
دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئێوارەی رۆژی هەینی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "دووبارە داوا لە خەڵکی باکووری غەززە دەکەین بەرەو باشوور بڕۆن" گوتیشی هێزی وشکانیی ئیسرائیل "لەم شەوەوە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ نێو کەرتی غەززە فراوان دەات."
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە غەززەوە بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت هێرشی ئاسمانیی ئەمشەوی ئیسرائیل لە شەوەکانی دیکە سەختترە و ناوەناوە ئاگری بۆردوومان ئاسمانی غەززە رووناک دەکاتەوە. تاوەکو ئێستاش دیارنییە کە ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئیسرائیل دەستپێکی هێرشی زەوینی بێت بۆ نێو غەززە یان نا، لەکاتێکدا گفتوگۆکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و ئازادکردنی دیلەکان بەردەوامن.
هاوکات ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە زیادبوونی نەهامەتییەکانی خەڵکی سڤیلی کەرتی غەززە دەددات و دەڵێت، فەلەستینییەکان بەهۆی نەبوونی ئاو، خۆراک و کارەباوە رووبەڕووی "لێشاوی بێوێنەی نەهامەتیی مرۆیی" دەبنەوە.
گوتێرێز رۆژی هەینی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بانگەوازی خۆم بۆ ئاگربەست، ئازادکردنی بێمەرجی هەموو بارمتەکان و گەیاندنی پێداویستیی ژیانپارێز دووپاتدەکەمەوە." هەروەها دەڵێت، "دوای هەر خولەکێک، نەهامەتییەکە زیاتردەبێت. بێ گۆڕانکاریی بنەڕەتی، خەڵکی غەززە رووبەڕووی لێشاوێکی بێوێنەی نەهامەتیی مرۆیی دەبنەوە."
پێش جەنگەکە، رۆژانە 500 بارهەڵگر کەلوپەلیان دەگواستەوە بۆ نێو کەرتی غەززە کە بە سەرووی دوو ملیۆن دانیشتووەوە لەژێر گەمارۆی ئیسرائیلدا بوو، بەڵام ئێستا رۆژانە تەنیا رێگە بە 12 بارهەڵگر دەدرێت لە دەروازەی رەفەحی میسرەوە بچنە نێو خاکی فەلەستینەوە.
گوتێرێز دەڵێت، پێویستییەکانی خەڵکی غەززە ئێستا "لە هەموو کاتێک زیاترن و ئەگەر شێوازی گەیاندنی یارمەتییەکان نەگۆڕێت، ئەوا رێکخراوەکە ناتوانێت یارمەتییەکان بگەیێنێت."
سیستمی دڵنیابوونەوە لە هاتووچۆی کەلوپەلەکان بەنێو دەروازەی رەفەحدا وەکو گۆتێرێز باسی دەکات، پێویستە دەستکاری بکرێت بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتری بارهەڵگرەکان بێ دواکەوتن بچنە نێو غەززە. هەروەها دەڵێت "سیستمی مرۆیی غەززە رووبەڕووی داڕمانی تەواوەتی دەبێتەوە و لێکەوتەی وێنانەکراوی بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن خەڵکی سڤیل دەبێت."
رێکخراوی حەماس لە راگەیێندراوێکدا داوا لە وڵاتانی عەرەب و ئیسلامی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات دەستبەجێ بچنەسەر هێڵ بۆ راگرتنی شەڕ. دەڵێت، هەوڵ بدەن کە "دەستبەجێ تاوان و کوشتنی بەردەوامی خەڵکەکەمان بوەستێنن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ