رووداو دیجیتاڵ
ئازادکردن و ئاڵۆگۆڕکردنی کۆمەڵەی دووەمی بارمتە ئیسرائیلییەکان و بەندکراوە فەلەستینییەکان دواکەوت. حەماس دەڵێت، هۆکاری دواکەوتنەکە، پابەندنەبوونی ئیسرائیلە بە رێککەوتنەکە.
بڕیار بوو ئەمڕۆ دوای کاژێر 5:00ی ئێوارە بە کاتی هەولێر، حەماس 14 بارمتەی دیکەی ئیسرائیلی ئازاد بکات لە بەرامبەر ئەوەشدا ئیسرائیل 42 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد بکات.
ئێوارەی ئەمڕۆ، سەرچاوەیەکی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندبوو، دەستیانکردووە بە گواستنەوەی بارمتەکان و رادەستکردنیان بە خاچی سوور تاوەکو رادەستی ئیسرائیل بکرێنەوە.
بەڵام دواتر کەتائیبی قەسامی باڵی چەکداریی حەماس لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بەهۆی "پابەندنەبوون"ـی ئیسرائیل بە رێککەوتنەکە و رێگەنەدان بە رۆیشتنی بارهەڵگری یارمەتیی مرۆیی بۆ باکووری کەرتی غەززە، بڕیاریانداوە ئازاکردنەکە دوابخەن.
قەسام لە پەیامێکدا لە کەناڵی تەلەگرامی خۆیەوە رایگەیاند، "کەتائیبی قەسام بڕیاریدا ئازادکردنی کۆمەڵەی دووەمی دیلەکان دوابخات تاوەکو داگیرکار پابەند دەبێت بەو بەندانەی رێککەوتنەکە کە پەیوەستن بە رۆیشتنی بارهەڵگری یارمەتییە مرۆییەکان بۆ باکووری کەرتەکە."
قەسام هەروەها لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، هۆکارێکی دیکەی دواخستنەکە پابەندنەبوونی لایەنی ئیسرائیلییە بە "رێوشوێنەکانی ئازادکردنی دیلەکان کە رێککەوتنیان لەسەر کراوە."
دواتر میدیای سەر بە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دواکەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان "لە ماوەیەکی نزیکدا" چارەسەر دەکرێت و گفتوگۆ لەسەر ژمارەی ئەو ئیسرائیلییانەی بڕیارە ئازادبکرێن، بەردەوامە.
ئەمڕۆ شەممە، دووەم رۆژی ئاگربەستێکی چوار رۆژەی نێوان ئیسرائیل و حەماسە کە دوای 7 هەفتە لە شەڕ راگەیێندرا.
لە رۆژی یەکەمی ئاگربەستەکەدا، 13 ئیسرائیلی، 10 کرێکاری تایلاندی و یەکێکی فلیپینی لە لایەن حەماسەوە ئازاد کران، ئیسرائیلیش 39 ژن و منداڵی بەندکراوی فەلەستینیی ئازادکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ