رووداو دیجیتاڵ
دوای 48 رۆژ لە شەڕ و پێکدادانی نێوان گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، رێککەوتنی ئاگربەستی کاتیی راگەیێندرا.
ئاوارەکان لە باشووری غەززەوە گەڕانەوە ماڵ و حاڵیان. حاجی محەممەد نەجار، یەکێکە لەو ئاوارانەی گەڕاوەتەوە سەر ماڵە بۆردوومانکراوەکەی لە شارۆچکەی خوزاعە لە رۆژهەڵاتی خان یونس.
محەممەد نەجار دەڵێت، "سوپاس بۆ خودای گەورە، گەڕاینەوە بۆ زێدی خۆمان، بەڵام هەموو شتێک بە ئاو و کارەبایشەوە نەماوە. ئەمە ئامانجی بنیامین نەتەنیاهۆیە؛ وێرانکردنی ماڵ و حاڵی فەلەستینییەکان و بە ئامانجکردنی تۆڕەکانی ئاو و کارەبا. خوزاعە هیچ شتێکی نەماوە، وێرانەیە".
ئاگربەستەکە بە چاودێری قەتەر، میسر و ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و چوار رۆژ دەخایێنێت. لایەنەکانی جەنگ لە ماوەی ئەو چوار رۆژەدا شەڕ رادەگرن و هاوکارییە مرۆییەکان زیاتر دەگەیێندرێنە کەرتی غەززە.
محەممەد قدیح، هاووڵاتییەکە و دەڵێت، "ئەو ماڵوێرانی و کارەساتەی لێرە دەیبینین وەک ئەوەیە بوومەلەرزەیەکی گەورە ناوچەکەی هەژاندبێت. سوپاس بۆ خودا بڕیاری ئازادکردنی دیلەکان درا. خاپوورکردنی خانووەکانمان گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە دیلەکانمان بە سەلامەتی بگەڕێنەوە".
هەروەها مەحموود ئەبوریدە، هاووڵاتییەکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، "دڵخۆشم دەگەڕێمەوە بۆ ماڵم، تێیدا هەناسەیەکی قووڵ وەردەگرم؛ ئەو ماڵەم کە 48 رۆژە لێی دوور کەوتبوومەوە. بێنەوا بووین، دەربەدەر و برسی و تینوو بووین".
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، 50 بارمتە لە بەرامبەر 150 دیلی فەلەستینی ئازاد دەکرێن، بەڵام رێککەوتنەکە ئاماژەی بەوەنەداوە، ئاوارەکانی باکووری کەرتەکە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان.
فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە هیوا دەخوازن، ئاگربەستە کاتییەکە درێژ بکرێتەوە و جەنگەکە بۆ هەمیشە رابگیرێت، بۆ ئەوەی خۆیان و منداڵەکانیان لە نەهامەتی جەنگ پارێزراو بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ