حیزبوڵڵا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر یەکدی

25-08-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حیزبوڵڵای لوبنان زیاتر لە 320 مووشەک و چەند درۆنێکی ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کرد، ئیسرائیلیش دەڵێت، هێرشی پێشوەختەیان کردووەتە سەر شوێنی هەڵدانی مووشەک و درۆنەکان. 
 
ئیسرائیل، داوا لە هاووڵاتییان دەکات ئەوانەی نزیکن لەو شوێنانەی حیزبوڵڵای لێیە، ماڵەکانیان چۆڵبکەن و فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنیش گەشتەکانی راگرت.
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 25-08-2024) سوپای ئیسرائیل پەیامێکی بە زمانی عەرەبی ئاراستەی دانیشتووانی باشووری لوبنان کرد "چاودێریی ئامادەکارییەکانی حیزبوڵڵا دەکەین کە بە نیازی هێرشێکی گەورەن بۆ سەر خاکی ئیسرائیل لە نزیک ماڵەکانتان. ئێوە لە مەترسیدان. ئێمە وەڵامی هێرشەکانی حیزبوڵڵا دەدەینەوە."
 
ئیسرائیل هەروەها لە پەیامەکەیدا کە لە تەلەگرام بڵاویکردەوە، نووسیویەتی "هەرکەسێک لە نزیک ئەو شوێنانە دەژیت کە حیزبوڵڵای لێیە، پێویستە بەزوویی ئەوێ بەجێبهێڵن."
 
سەرەتا میدیای ئیسرائیلی دواتر بڵاویکردەوە، 200 مووشەک و چەند درۆنێک لە لوبنانەوە بە ئاراستەی ناوچەکانی جەلیل و بەرزاییەکانی گۆلان لە ئیسرائیل، تەقێندراون.
 
حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئیسرائیل بەردەوام دەبن و کات دەخایەنن.
 
بەگوێرەی حیزبوڵڵا ئەم هێرشە "لە تۆڵەی شەهیدکردنی فوئاد شوکرە. ئێستا موقاوەمەی ئیسلامی لەوپەڕی ئامادەییدایە و رووبەڕووی هەموو دووژمنکارییەکی زایۆنی دەبێتەوە."
 
فوئاد شوکر، کەسی دووەمی حیزبوڵڵا بوو، کە رۆژی 30-06-2024 لە باشووری بەیرووت لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژرا.
 
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل دوای هێرشەکە، باری لەناکاوی لە تەواوی وڵاتەکە راگەیاند، کە لە کاژێر 06:00ـی بەیانیی ئەمڕۆوە تاوەکو 48 کاژێری دیکە بەردەوام دەبێت.
 
دانیەڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی "فڕۆکە جەنگییەکانمان هێرش دەکەنە سەر چەند ئامانجێکی رێکخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵڵا، کە بوونەتە هەڕەشەیەکی مسۆگەر لەسەر بەرەی پێشەوەمان."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە