حیزبوڵڵا: 70 سەربازی ئیسرائیلیمان کوشتووە

دوێنێ کاژێر 07:58
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حیزبوڵڵای لوبنانی دەڵێت، 70 سەربازی ئیسرائیلییان کوشتووە و لە هەفتەی رابردووەوە ژمارەکە لە 55 سەربازەوە بەرەو 70 هەڵکشاوە. ئیسرائیلیش باس لە کوژرانی 50 سەربازیان دەکات لە لوبنان.
 
شەوی چوارشەممە، 23-10-2024 ژووری ئۆپەراسیۆنی بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، چەکدارەکانیان لە شەڕ و پێکدادانی دژی سوپای ئیسرائیل، 70 سەربازیان کوشتووە. هەفتەی پێشووش، حیزبوڵڵا بڵاویکردەوە، کە 55 سەربازیان کوشتووە.
 
راگەیێندراوەکەی حیزبوڵڵا باسی ئەوەی نەکردووە لە چ کاتێک و لەماوەی چەند دا ئەو ژمارە سەربازەیان کوشتووە. 
 
بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، لەوکاتەوەی "ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکان"ـیان دەستیانپێکردووە، 20 سەربازیان کوژراوە و لە هێرشەکانی حیزبوڵڵاش بۆ باکووری ئیسرائیل 30 سەرباز کوژراون، واتا کۆی گشتیی ژمارەکە 50 سەربازە. 
 
رۆژی سێشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، حیزبوڵڵا دەیان مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و درۆنێکیش سیستمی بەرگریی ئیسرائیلی تێپەڕاند. "سەربازێک کوژرا و سێی دیکەش برینداربوون."
 
رۆژێک پێش ئەوە، حیزبوڵڵا بە درۆن هێرشی کردە سەر ماڵی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و زیانی بە خانووەکە گەیاند. 
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوای هێرشەکە رایگەیاند، هێزە نزیکەکانی ئێران بە هەوڵدان بۆ "تیرۆکردنی" ئەو و هاوژینەکەی "هەڵەیەکەی گەورەیان کرد." گوتیشی، هەر کەسێک بیەوێت زیان بە ئیسرائیل بگەیێنێت "باجێکی قورس" دەدات.
 
ئێران لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند، ئاگاداری هێرشەکە نەبووە و حیزبوڵڵا کردوویەتی.
 
رۆژی 07-10-2023 چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی ئیسرائیل و نزیکەی 1200 هاووڵاتی لە ئیسرائیل کوژران و 251 کەسیش بە بارمتە گیران.
 
ئیسرائیل جەنگی راگەیاند و هێرشی کردە سەر غەززە و تائێستا بەردەوامە. تەندروستیی غەززە دەڵێت، زیاتر لە 42 هەزار کەس کوژراون.
 
لە دوای رۆژێک لە هەڵگیرسانی جەنگی غەززە، حیزبوڵڵای لوبنان بە شێوەیەکی سنووردار هاتە نێو جەنگەکە و هێرشیکردە سەر باکووری ئیسرائیل؛ بەڵام لە کۆتاییەکانی ئەیلوولی ئەم ساڵەوە هێرشی هەردوولا بە تایبەت ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و بەیرووت چڕتر بوونەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە