رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، سەربازی زیاتر بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەنێرن، ئەمەش وەکو وەڵامێکە بۆ زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە.
رۆژی دووشەممە 23-09-2024 جەنەڕاڵ پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند: "بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وەکو کردەیەکی خۆپارێزی، ژمارەیەک سەربازی دیکەی ئەمریکی بۆ ئەو ناوچەیە دەنێرین، ئەمەش بۆ بەهێزترکردنی ئەو سەربازانەمانە کە ئێستا لەوێن".
ئەو راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، ترس لە تەشەنەسەندنی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل هەیە و وڵاتان نیگەرانی ئەوەن کە جەنگێکی دیکە بەرپا ببێت. ئەمڕۆ دووشەممە، ئیسرائیل زیاتر لە 800 پێگەی حیزبوڵڵای کردە ئامانج و تەندروستیی لوبنانیش رایگەیاند، 274 کەس کوژراون و زیاتر لە هەزار کەس بریندار بوون.
ئەمریکا هەزاران سەربازی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە، ئەمە جگە لە کەشتیی جەنگی، فڕۆکەی شەڕکەر و سیستمی بەرگریی ئاسمانی کە بۆ پاراستنی هێزەکانی خۆی و ئیسرائیل لەو ناوچەیەی جێگیر کردووە.
پات رایدەر هەروەها هۆشداری لە تووندوتیژییەکانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل دا و داوای کرد بە دیپلۆماسییەت ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت. رایدەر گوتی: "بە روونی دیارە کە دەکرێت گرژییەکانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لەوە زیاتر ببن و لە کۆنتڕۆڵ دەرچن."
دەسەڵاتدارانی جیهان داوا لە ئیسرائیل و حیزبوڵڵا دەکەن دان بەخۆیاندا بگرن و هێرش نەکەنە سەر یەکدی، ئێستا سەرنجی جیهان لەسەر غەززەوە بۆ سەر لوبنان و ئیسرائیل رۆیشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ