رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە 23-09-2024 سوپای ئیسرائیل لە ئێکس بڵاویکردەوە: "هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هێرشێکی ئامانجداریان کردە سەر بەیرووت."
سوپای ئیسرائیل هیچ زانیارییەکی دیکەی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام چەند سەرچاوەیەک ئاماژەیان بەوە کرد لە هێرشە درۆنییەکە، عەلی کەرەکی، فەرماندەی بەرەی باشووری حیزبوڵڵا کە سێیەم باڵاترین فەرماندەی بزووتنەوەکەیە، کوژراوە و هێرشەکە بۆ سەر گەڕەکی (حەی مازی) بووە.
لەوکاتەوەی لە ئۆکتۆبەری رابردوو شەڕی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل دەستیپێکرد، ئەمە چوارەم جارە ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر بەیرووت.
هەر ئەمڕۆ ئیسرائیل رایگەیاند، زیاتر لە 800 پێگەی حیزبوڵڵایان لە باشووری لوبنان کردە ئامانج، تەندروستیی لوبنانیش رایگەیاند، تەنیا لە هێرشەکەی دووشەممەدا 274 کەس کوژراون و زیاتر لە هەزار کەس بریندار بوون.
لە هێرشێکی دیکە لە رۆژی 20-09-2024، ئیسرائیل باشووری لوبنانی کردە ئامانج. دانیێڵ هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "دوای کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی ورد، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشێکی ئامانجداریان کردە سەر ناوچەیەکی بەیرووت و ئیبراهیم عەقیل، فەرماندەی هێزی رەزوانیان لەنێوبرد."
بزووتنەوەی حیزبوڵڵا دواتر بڵاویکردەوە، "ئیبراهیم عەقیل، یەکێک لە سەرکردە مەزنەکان لە رێگەی قودس شەهید بوو". بزووتنەوەکەی لوبنان دەستەواژەی "لە رێگەی قودس شەهید بوو" بۆ کوژرانی سەرکردە و فەرماندە باڵاکانی بەکاردەهێنێت.
ئیبراهیم عەقیل دووەم باڵاترین فەرماندەی باڵای سەربازیی حیزبوڵڵا بوو لەدوای فوئاد شوکر کە ئەویش لە کۆتایی تەممووزی ئەم ساڵ لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا لە باشووری بەیرووت کوژرا.
هەگاری باسی لەوە کرد: "ئیبراهیم عەقیل بەرپرس بوو لە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و خەڵکەکەی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ