رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل دەڵێت هێرشیان کردووەتە سەر دوو گەڕەکی شاری غەززە، چونکە "ژێرخانی چەکداریی حەماس"ی لێبووە؛ حەماسیش دەڵێت، هێرشەکە خەڵکی سڤیلی کردووەتە ئامانج و "دەبێت ئیسرائیل باجەکەی بدات."
رۆژی یەکشەممە 23-06-2024 نووسینگەی میدیایی حەماس لە راگەیێندراوێک بڵاویکردەوە، لە هێرشێکی دوێنێ شەوی ئیسرائیلدا بۆ سەر باکووری غەززە 42 کەس کوژراون.
راگەیێندراوەکە دەڵێت، هێرشێک لە گەڕەکی شاتی بووە لە باکووری غەززە، هەشت کامپی پەنابەرانیش کراونەتە ئامانج کە تێیدا 24 کەس کوژراون. لە هێرشێکی دیکەدا لە گەڕەکی توفاح 18 فەلەستینی کوژراون.
لەبارەی ئەو هێرشەوە، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیل دوو ژێرخانی چەکداریی حەماسیان کردە ئامانج لە شاری غەززە."
حەماس تاوەکو ئێستا وەڵامی ئەوەی نەداتەوە هیچ ژێرخانێکی سەربازییان لەو دوو گەڕەکە هەبووبێت؛ بەڵام دەڵێت، "لە هێرشەکەدا خەڵکی سڤیل کراونەتە ئامانج." حەماس لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، "داگیرکار و سەرکردە نازییەکانیان باجی ئەم شەڕانگێزییە لە دژی گەلەکەمان دەدەن."
زیاتر لە نۆ مانگە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، تائێستا زیاتر لە 37 هەزار و 551 کەس لە غەززە کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ