12 ئەندامی خێزانێکی کورد لە غەززە گیانیان لەدەستدا

22-10-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
تەرمی دەیان کەس لەبەردەم نەخۆشخانەی ئەقسا لە غەززە. وێنە: Mahmud HAMS / AFP
تەرمی دەیان کەس لەبەردەم نەخۆشخانەی ئەقسا لە غەززە. وێنە: Mahmud HAMS / AFP
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ دەرکەوتنی رووناکیی هەر بەیانییەک، تارمایی مەرگ و کارەساتێکی دیکەی خەڵکی غەززە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە دەردەکەوێت. 12 ئەندامی یەک خێزان، کە بە رەچەڵەک کوردن، کە بە مووشەکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە غەززە کوژران.

مووشەکی ئیسرائیل، جیاوازیی لەنێوان گەورە و منداڵدا نەکردووە. خێزانی ئامال کوردی، کە بەشێک بوون لە 50 هەزار دانیشتووی بە رەچەڵەک کوردی غەززە، لە یەکەیەکی نیشتەجێبوونی باشووری کەرتەکە بوون و لە بۆردوومانێکی ئیسرائیلدا 12 ئەندامیان کوژران.

ئامال کوردی، ئاوارەی غەززە رایگەیاند، "هەموویان رۆشتن. نە دایک، نە باوک و نە برا و نە خوشک، هیچیان نەمان. ماڵوێران و تەنیا مامەوە."

بەردەم نەخۆشخانەی ئەقسا لە باشووری غەززە، بەهۆی کفنی بەری تەرمەکانەوە سپیپۆش بووە.

خێزانە بە رەچەڵەک کوردەکە لەدوای هۆشداریی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی باکووری کەرتی غەززە، ئاوارەی باشووری کەرتەکە ببوون.

خەلیل دیگران، پزیشک دەڵێت، "ژمارەیەکی زۆریان لە ماڵی کەسوکارەکانیان بوون. لە شێوەی تەرمی پارچەپارچەبوودا بۆ ئێمە هێندراون، لە بەرەبەیانەوە زیاتر لە 90 شەهیدمان بۆ هێندراونەتە نەخۆشخانەی ئەقسا.. وەکو دەبینن لە دەوروبەری نەخۆشخانەی ئەقساش دەنگی بۆردوومان دێت."

ئیسرائیل داوای لە خەڵکی غەززە کردبوو کە باکووری کەرتەکە چۆڵ بکەن و بڕۆن بۆ باشوور بۆئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت، بەڵام وێڕای ئەوە، بەردەوام بووە لە بۆردوومانکردنی باشووری کەرتەکەش.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە