ئەحمەد سەحاف: ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە بەغدا

22-08-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە بەغدا. دواتر سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.  
 
رۆژی سێشەممە، 22-08-2023 ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و فوئاد حوسێن جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق کۆدەبێتەوە. 
 
بە گوتەی ئەحمەد سەحاف، سەردانەکەی  هاکان فیدان بۆ بەغدا دوو رۆژ دەخایەنێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارە هاکان فیدان دوای سەردانی بەغدا و کۆبوونەوەکانی، سەردانی شاری هەولێر دەکات و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کۆدەبێتەوە. 
 
سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەغدا لە کاتێکدایە، لە 25ـی ئادارەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە بەهۆى بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق لە دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا و تورکیا رایگەیاند، پابەند دەبێت بە بڕیارەکەوە.
 
سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ بەغدا، هاوکاتە لەگەڵ سەردانێکی دوو رۆژەی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بۆ تورکیا، کە یەکێک لە مژارەکانی سەردانەکەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی.
 
بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەگشتی و وەزارەتی نەوتی عێراق بەتایبەتی کۆبوونەوەی کردووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەتەنیاهوو لە بنکەیەکی سەربازیی وڵاتەکەی. وێنە: AFP

نەتەنیاهوو: خۆمان ناچەمێنین

رۆژی پێنجشەممە، بە تۆمەتی کردنی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە کەرتی غەززە، دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان (ICC) فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران و یوئاڤ گالانت، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل دەرکرد.